دادگای تاوانەکان: تاکو ئێستا 20 ملیۆن دۆلار و 60 کیلۆ ئاڵتون لەدۆسیەی عەدنان جومەیلیدا دەستی بەسەردا گیراوە
وێستگەنیوز-
دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، نوێترین ئەنجامی ێکۆڵینەوەکانی لە کەیسی گەندەڵی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن راگەیاند و ئاشکرای کرد، کە بڕێکی زۆر پارە و زێڕ و ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە زاری دادوەر زیا جەعفەر رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ دەستکەوتە داراییە نایاساییەکانی ناو کەیسی "عەدنان جومەیلی"، بریکاری وەزارەتی نەوت و لایەنە تێوەگلاوەکانی دیکە، توانراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستبەسەر بڕی 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200 ملیۆن دیناری عێراقیدا بگیرێت.
هەر لەو چالاکییەدا، دەست بەسەر 60 کیلۆگرام زێڕ و 7 ئۆتۆمبێلی گرانبەهادا گیراوە، کە لە ئەنجامی بەهەدەردانی سامانی گشتی و ئەو پڕۆژانەی لەلایەن تۆمەتبارانەوە جێبەجێ کراون، کۆکراونەتەوە، دادوەری لێکۆڵینەوە جەختی کردەوە کە رێکارە یاساییەکان و راوەدوونانی تێوەگلاوانی دیکە بەردەوامە تاوەکو تەواوکردنی کەیسەکە.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە نزیکەی دوو مانگە کەیسی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت دەستی پێکردووە و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بە ناوی "سۆڵەی فەجر" کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرس لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا و ناوچەی سەوز دەستگیرکراون.
تاوەکو ئێستا لە ماڵ و کێڵگەی ئەو بەرپرس و سیاسییانەی دەستگیرکراون، ملیاران دینار و ملیۆنان دۆلار و زێڕ دۆزراونەتەوە، دادوەری و دەستەی دەسپاکی دووپاتیان کردەوە کە هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بەردەوام دەبێت و هیچ کەسێک لە یاسا رزگاری نابێت.
AM:08:43:16/08/2026
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت