ڕاوێژکارێکی حکومی: زەیدی پلانێکی داناوە داهاتە نانەوتییەکان لە 10%ـەوە بەرز بکاتەوە بۆ %45


وێستگەنیوز –

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وردەکاری نوێی لەسەر دیدگای ئابووری حکومەت ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئامانجەکە گۆڕینی عێراقە لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە بۆ وڵاتێکی بەرهەمهێنەر.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران لە دیدگای ئابووریی خۆیدا کار لەسەر چارەسەرکردنی دوو کێشەی سەرەکی دەکات؛ کە ئەوانیش لاوازیی کەرتی تایبەت و کەمبوونەوەی داهاتە نانەوتییەکانن لە بودجەی گشتیدا.

ئەو ڕاوێژکارە باسی لەوە کرد، کار دەکرێت بۆ زیادکردنی نزیکەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، داهاتی ئەم زیادەیەش دەخرێتە سندوقێکەوە بە ناوی سندوقی وزە و گەشەپێدان، داهاتی سندوقەکەش بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون، وزە و ئاو خەرج دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد تا ساڵی 2037 ڕێژەی گەنجان دەگاتە 60%ی دانیشتووان، ئەمەش وەک دیارییەکی دیمۆگرافی دەبینرێت کە دەبێت بکرێتە هێزێکی بەرهەمهێنەر.

جەخت لەوە کراوەتەوە کە هیچ گەشەپێدانێک بەبێ کارەبایەکی جێگیر و بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوەکانی ئاو بۆ ئاودێری و پیشەسازی بەدی نایەت.

حکومەت هەروەها هەوڵ دەدات لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپێک بگاتە تێگەیشتن بۆ وەرگرتنەوەی پشکی سروشتی عێراق لە بازاڕی نەوتدا کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە لە دەیەکانی ڕابردوو زیانی بەرکەوتبوو.

سندوقی وزە و گەشەپێدانیش دەبێتە گەرەنتییەک بۆ کەرتی تایبەت تا بتوانن لە بازاڕە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان قەرز بکەن و پڕۆژە ئەنجام بدەن.
لە کۆتاییدا مەزهەر محەمەد ساڵح جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکی حکومەت ئەوەیە کە تا ساڵی 2037، ڕێژەی بەشداری داهاتە نانەوتییەکان لە بودجەی وڵاتدا لە 10%وە بەرز بکاتەوە بۆ %45.


PM:04:19:14/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو