دادگای فیدراڵی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە


وێستگەنیوز-

لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی دەستپێکردووە، دادگای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی چوارشەممە، دانیشتنێکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای سێ فەرمانبەر دژ بە سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و خەرجکردنی پارەی ساڵانی ڕابردوو دەکەن.


بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 19ـەی ئابی 2026، دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای سێ فەرمانبەری هەرێم دژ بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.

سکاڵاکاران داوا دەکەن دادگای فیدراڵی بڕیاری ژمارە 56ـەی ساڵی 2015ـەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە نادەستووری بناسێنێت و هەڵیوەشێنێتەوە، کە بەهۆیەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیرابوو.

هەروەها فەرمانبەرەکان داوا دەکەن حکومەتی هەرێم پابەند بکرێت بە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە و خەرجکردنی سەرجەم شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردوو بە ئاسەواری ڕابردوو، واتە لەو ڕۆژەوەی کە فەرمانبەرەکە شایستەی پلەبەرزکردنەوە بووە پارەکەی بۆ هەژمار بکرێت.

ئەم دانیشتنەی دادگای فیدراڵی لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە 9 ساڵ ڕاگیرابوو.


PM:05:44:13/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 12 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو