عەلی زەیدی پلانی پێنج ساڵەی بەرگریی ئاسمانی عێراق رادەگەیەنێت
وێستگەنیوز-
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە درەنگانێکی شەوی چوارشەممەدا سەردانێکی مەیدانی بۆ ناوەندی ئۆپراسیۆنەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی ئەنجامدا، ئەم سەردانە بە مەبەستی پشکنینی سیستەمەکانی پاراستنی ئاسمان و دڵنیابوونەوە لە ئامادەیی هێزەکان بوو بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد، کە زەیدی لە نزیکەوە ئاگاداری بڵاوبوونەوەی پارچە سەربازییەکان و پلانی گرتنی کەرتەکانی ئۆپراسیۆن بووە، لە میانی سەردانەکەدا، کورتەیەک لەبارەی پلانی ستراتیژیی ساڵانی 2026-2031 پێشکەشی فەرماندەی گشتی کرا، کە ئامانج لێی بونیادنانی سیستەمێکی بەرگریی تۆکمەیە لەرێگەی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای راداری و چەکی پێشکەوتوو و سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ.
ئەم جوڵە سەربازی و کارگێڕییانە لەکاتێکدایە، عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ رۆژی 30ی ئەیلوولی داهاتوو، کە تێیدا ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت و کشانەوەی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت، حکومەت دەخوازێت لەو وادەیەدا سوپا و بەرگریی ئاسمانی بەتەواوی توانای گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی وڵاتیان هەبێت.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەفسەر و فەرماندە باڵاکان، زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە بەرگریی ئاسمانی "قەڵغانی وڵات و هێڵی پێشەوەی پاراستنی سەروەرییە"، راشیگەیاند، بونیادنانی هێزێکی چەکداری سەربەخۆ بنەمای سەرەکییە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی بە سەربەخۆیی بدات.
سەرۆک وەزیران رێنماییکرد کە تەواوی پێداویستییە تەکنەلۆژی و جەنگییەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی دابین بکرێن، هەروەها پەیامێکی توندی ئاراستەی لایەنە دەرەکییەکان کرد و وتی: "رێگە نادەین بە هیچ جۆرێک ئاسمانی عێراق ببەزێندرێت یان دەست بۆ ئاسایشەکەی ببرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق رێگە نادات خاک یان ئاسمانەکەی وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
لەم سەردانەدا، بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتی، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری یاوەری سەرۆک وەزیران بوون.
AM:08:49:13/08/2026
ئهم بابهته 384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت