پەرلەمانتارێك لە رێگەی وێستگەنیوزەوە چارەنووسی پێشمەرگە لەدوای هێزەكانی ئەمریكا ئاشكرا دەكات


وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چارەنووسی هێزەکانی پێشمەرگە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت، بوونی ئەو هێزە دەستوورییە و پەیوەندی بە پرسی ڕادەستکردنی چەکەوە نییە.


تاڵب یەساری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند: گەرچی دەستووری عێراق سیاسەتی بەرگری و ئەمنی داوەتە دەست حکومەتی ناوەندی، بەڵام لە هەمان کاتدا مافی بە هەرێمی کوردستان داوە کە هێزی ناوخۆ و پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە) دابمەزرێنێت و ڕێکیانبخات.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور قەوارەیەکی فیدراڵییە و وتی: بوونی هێزی پێشمەرگە شەرعیەتێکی دەستووری هەیە، بۆیە بابەتی کشانەوەی هێزە بیانییەکان ناچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە پێشمەرگە چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت بکات، چونکە ئەو هێزە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی ناسێنراو.

یەساری ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناغی داهاتوو پێویستی بە بەهێزکردنی متمانەی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە و دەبێت سەرجەم ڕێکارەکان بەپێی دەستوور و یاسا بن، دوور لە لێکدانەوە پۆپۆلیستییەکان.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە لە 1ـی تشرینی دووەمەوە هیچ هێزێکی سەربازیی بیانی لە عێراقدا نامێنێت.



PM:08:46:12/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو