هیام یاسری بۆ وێستگەنیوز: بەڕێوەبەری گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق بەهۆی گەندەڵییەوە لە پۆستەکەی لادرا


وێستگه‌نیوز ـ محەمەد فاتیح

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە پۆستەکەی لادراوە و ژمارەیەک فەرمانبەریش لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.


هیام یاسری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند: وەزارەتی گواستنەوەی عێراق تێوەگلاوە لە چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵی؛ ئێمە وەک پەرلەمانتاران کارمان لەسەر کردووە و توانیمان بەشێک لەو دۆسییانە ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی بکەین.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەندەڵیانەی ئاشکرایان کردوون بوونەتە هۆی گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا و وتی: بەهۆی ئەو دۆسییانەوە، مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە پۆستەکەی لادراوە، هاوکات چەند فەرمانبەرێکی دیکەش کە تێوەگلانیان لەو دۆسییانەدا هەبووە، لە کارەکانیان دەەرکراون.

ئەم هەنگاوەی پەرلەمان لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و وەزارەتی گواستنەوە، کە یەکێکە لەو وەزارەتانەی زۆرترین ڕەخنەی لەسەرە.


PM:04:36:12/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو