وەزیری بازرگانی عێراق: چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچوونی زیاتر ببینن


وێستگەنیوز-

مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە قەبارەی قەرزی ناوخۆیی لە وڵاتدا گەشەی کردووە و لە ئێستادا ئاستی 200 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، ئەمەش بووەتە بارگرانییەکی گەورە لەسەر جەستەی دەوڵەت.


وەزیری بازرگانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ "میدیای رووداو" ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای قەیرانەکان، جوڵەیەکی بازرگانی چالاک لەگەڵ وڵاتی سوریا لە ئارادایە، بەتایبەتی لە هەناردەکردنی چیمەنتۆ و بەرهەمە نەوتییەکان کە لە پلەیەکی بەرزدایە، هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەک شادەمارێکی سەرەکی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و رایگەیاند، جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" کاریگەری ئەرێنی هەبووە و رێگری دەکات لە هەر جۆرە یاریکردنێک بە نرخ و بڕی ئەو کاڵایانەی هاوردە دەکرێن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، مستەفا عانی جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی لایەنە پسپۆڕەکان بەردەوامن و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کارەکان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.

لە هەواڵێکی خۆشدا بۆ جوتیاران، وەزیری بازرگانی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆی کردووە و بەڵێن دراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا گوژمەیەک لە پارەی شایستەی جوتیاران خەرج بکرێت، وتیشی: "دابەشکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2025 بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەبێ جیاوازی بۆ هەموو پارێزگاکان دەبێت".


PM:02:05:12/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو