فایەق زێدان: یاسا رێگە بە رێککەوتن لەگەڵ تۆمەتبارانی گەندەڵی نادات
وێستگەنیوز-
دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ رێککەوتن و سازشکردن لەگەڵ ئەو کەسانە نییە کە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا تێوەگلاون.
رۆژی رابردوو سێشەممە، لە کاتی دیدارێکیدا لەگەڵ نوێنەرانی تەوژمی مەدەنی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە کە دادگاکان تەنها بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵی دەکەن و هیچ ئاراستەیەک نییە بۆ پەسەندکردنی رێککەوتن یان پێکهاتن لەگەڵ گەندەڵکاران.
رائد فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی کە لە دیدارەکەدا ئامادە بووە، لە زاری دادوەر فایەق زێدانەوە گواستییەوە کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا پابەندە بە جێبەجێکردنی یاساکان و یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیدا، وتیشی: "ئەرکی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە جێبەجێکردنی یاسادا دەبینرێتەوە نەک یاسادانان، چونکە یاسادانان لە تایبەتمەندی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە".
سەبارەت بە پرسی ئازادییەکانیش، فایەق زێدان روونیکردەوە کە ئازادییەکان مافێکی دەستەبەرکراون لە دەستووردا، بەڵام دادوەری جیاوازییەکی روون دەکات لەنێوان پیادەکردنی مافی رادەربڕین و ئەو حاڵەتانەی کە دەبنە جنێودان، جوێن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر کەسانی دیکە.
ئەم جەختکردنەوەیەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە کاتێکدایە، کە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و یەکلاکردنەوەی دۆسیە گەورەکان بووەتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی شەقامی عێراقی.
AM:10:57:12/08/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت