ئیسماعیل قائانی لە بەغدایە


وێستگەنیوز-

رۆژی دووشەممە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئیران، لەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنیدا گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.

بەپێی زانیارییەکان، قائانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و فەرماندەی گروپە چەکدارەکان دەستپێکردووە، کە هادی عامری، سەرۆکی ریکخراوی بەدر، یەکێک بووە لەو کەسانەی لەگەڵی کۆبووەتەوە. چاوەروان دەکرێت ئەم سەردانە چەندین دیداری دیکەش لەگەڵ لایەنە سیاسی و سەربازییەکان بگرێتەوە.

گفتوگۆکانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە بەغدا لەسەر دوو دۆسیەی سەرەکی چڕبوونەتەوە؛ یەکەمیان پرسی سنووردارکردنی چەکی گروپە چەکدارەکان و دووەمیان تاووتوێکردنی پرسی ریگەدان بە عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.

پرسی چەکی گروپەکان یەکێکە لە هەستیارترین دۆسیەکان لەبەردەم حکومەتی عێراقدا، بەتایبەت عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وادەی 30ی ئەیلولی 2026ی وەک دوایین مۆڵەت دیاری کردووە بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا.

هاوکات هاوپەیمانی بەریوەبردنی دەوڵەت جەختی کردووەتەوە، هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت لە دوای ئەو وادەیە، وەک کردەوەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لەم چوارچێوەیەشدا هیزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و مۆڵەتی ئەفسەران و فەرماندە سەربازییەکان هەڵوەشاوەتەوە.

سەردانەکەی قائانی دوای هەفتەیەک لە گرژییە ئەمنییەکانی بەغدا دێت کە تێیدا هەندێک گرووپی چەکدار هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سعودیەیان کردبوو دوای لێدان لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی. ئێستا گروپە چەکدارەکان لەسەر پرسی رادەستکردنی چەک دابەشبوون؛ لە کاتێکدا هەندێکیان ئامادەیی نیشان دەدەن بۆ ریکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەت، گروپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان دابنێن و مەرجی کشانەوەی تەواوەتی هیزە بیانییەکان لە عێراق دەخەنە روو.

ئیسماعیل قائانی لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئەمریکیدا لە ساڵی 2020، چەندین جار سەردانی عێراقی کردووە، بەڵام راگەیاندنی فەرمی سەردانەکانی بەم شێوەیەی ئێستا کەمتر روودەدات.


AM:08:48:11/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو