وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق:71 بارەگای وەهمی سەر بەحەشدی شەعبی داخراون
دەستەی حەشدی شەعبی: ئەو بارەگا داخراوانە پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە
وێنەکە ژیری دەستکردە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دواین ئامارەکانی پرۆسەی تۆمارکردنی چەک و داخستنی بارەگا نایاساییەکانی راگەیاند و هۆشداری توندیش دەداتە ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەت "درۆن" بەکاردەهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئابی 2026، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی تۆمارکردنی چەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تا ئێستا زیاتر لە 500 هەزار پارچە چەک تۆمار کراون، ئاماژەی بەوەش کرد کە کار بۆ دروستکردنی بانکی زانیاری بۆ 6 ملیۆن پارچە چەک دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش 745 ئۆفیسی تایبەت لە پارێزگاکان کراونەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دا کە هەر درۆنێک بەبێ رەزامەندی هەڵبدرێت، وەک کردەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەروەها وتیشی، مۆڵەتی تۆمارکردنی چەک تا 31ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی دێت و هەر کەسێک دوای ئەو وادەیە چەکی بێ مۆڵەتی پێ بێت، وەک "دەرچوو لە یاسا" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، میقداد میری دەنگۆی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا رەتکردەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، تا ئێستا مۆڵەتی چەک بە زیاتر لە 160 هەزار کەس بەخشراوە و دەستبەسەر 143 هەزار چەکی نایاساییدا گیراوە، جگە لە ئاشکراکردنی دزینی 2668 پارچە چەک، میری ئاماژەی بەوەش کرد کە 71 بارەگای وەهمی کە بەناوی حەشدی شەعبییەوە کاریان دەکرد، داخراون.
لە بەرانبەردا، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەنراوێکی رەسمیدا رەتیکردەوە ئەو بارەگا داخراوانە پەیوەندییان بەوانەوە هەبێت و رایگەیاند، ئەو شوێنانە "وەهمی" بوون و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی دەزگا ئەمنییەکان و لێژنەی داماڵینی چەک داخراون کە لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە فەرمانی بۆ دەرچووە.
حەشدی شەعبی جەختی کردەوە کە رێکاری یاسایی بەرانبەر هەر کەسێک دەگرنەبەر کە بیەوێت ناوی ئەم هێزە بۆ بەرژەوەندی تایبەت یان لە دەرەوەی یاسا بەکاربهێنێت، ئەم هەڵمەتە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و پاراستنی سەقامگیری وڵات و رێگری لە هەر هێرشێکی نایاسایی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بەڕێوە دەچێت.
PM:03:19:10/08/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت