وتەبێژی حکومەتی عێراق: دەنگۆى دابەشکردنى مووچە هەر 40 رۆژ جارێک راست نییە


وێستگەنیوز-

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی نوێدا کۆمەڵێک پرسی گرنگی پەیوەست بە مووچە، ئاسایش و دۆخی ئابووری روونکردەوە و رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی دابینکراوە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە دابەشکردنی مووچە هەر 40 رۆژ جارێک دەکەن، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە.


سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە ئەوان هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان لەسەر بۆردومانی ئەمریکی-سعودی بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی نەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە تا یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن لەسەر ئەو هێرشانە.

لە لایەکی دیکەوە، عەبودی باسی لە کەرتی نەوت و ئابووری کرد و وتی: "بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، هەناردەی نەوتی عێراق زیانی بەرکەوتووە، بەڵام حکومەت رێڕەوێکی نوێی لەگەڵ تورکیا دامەزراندووە بۆ دروستکردنی هێڵی ستراتیژی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی بودجەی دەوڵەت"، جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای تەنگژە ئابوورییەکان، عێراق پەنای بۆ قەرزی دەرەکی نەبردووە و هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش بەردەوامە.

سەبارەت بە دۆسیەی چەک، وتەبێژی حکومەت رایگەیاند، کارکردن بۆ قۆرخکردنی هێز لەدەستی دەوڵەتدا و سنووردارکردنی چەک بەردەوامە و بەپێی ئەو خشتە کاتییەی دانراوە، دەبێت تا کۆتایی مانگی ئەیلوول ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم دۆسیەیە بڕەوێنرێنەوە.

لەکۆتاییدا، حەیدەر عەبودی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وەزیران بانگهێشتنامەیەکی نوێی بۆ سەردانی سعودیە پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا کاتی سەردانەکە دیاری نەکراوە و لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە خەریکی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانن.


PM:01:26:10/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو