کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە هاوڵاتییەک دەستگیرکرا


وێستگەنیوز –

دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، کارمەندێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیان لە شاری بەغدا لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە هاوڵاتییەک دەستگیرکردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـەی ئابی 2026، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەغدا لە ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانیدا چوونەتە لقی بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و زانیارییە شارستانییەکانی شەقامی ڕەشید.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، توانراوە کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە سەرپێچی و بە سەلمێندراوی دەستگیر بکرێت، کە بڕی 1,800 دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتووە؛ ئەمەش لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئەرکە وەزیفییەکانی و ڕاییکردنی کارێکی نایاسایی بۆ ئەو هاوڵاتییە.

سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکان، دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاندووە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکردووە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983ی هەموارکراو، ئەوەش دوای وەرگرتنی وتەکانی و ئامادەکردنی کۆنووسی فەرمی دەستگیرکردن بۆ تەواوکردنی ڕێڕەوی یاسایی دۆسیەکە.


PM:12:11:10/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو