دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان: پڕۆژەی دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون لە 1ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستپێدەکات
وێستگەنیوز-
رۆژی یەکشەممە 9ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی چوارەمین دانیشتنی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکانی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان ئامادەی بوون، چەندین بڕیاری گرنگ لەبارەی خزمەتگوزاری، ئابووری و نیشتەجێبوون دران.
لە کەرتی نیشتەجێبووندا، بڕیاردرا رێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی 1 ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون لە 1ی ئەیلولی 2026ـەوە دەستپێبکات، بۆ ئەم مەبەستە پارێزگارەکان راسپێردران بۆ یەکلاکردنەوەی دیاریکردنی زەوییەکان و گۆڕینی رەگەزیان و تەواوکردنی دیزاینەکان بۆ ئەوەی خاوەندارێتییان بگوازرێتەوە بۆ شارەوانییەکان. جەختیش کرایەوە کە پێویستە زەوییەکان لە ناوچە خزمەتگوزارییەکان نزیک بن و کەمترین گرفتی یاسایی و کشتوکاڵییان هەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیار لەسەر چاکسازی لە کەرتی کارەبادا درا، بەجۆرێک کەرتی دابەشکردن لە رووی ئیداری و تەکنیکییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر میلاکی پارێزگاکان، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیستەمی زیرەک لە کارەبادا، سەبارەت بە مووەلیدە ئەهلییەکانیش، بڕیاردرا وەزارەتی نەوت بێ گەڕانەوە بۆ پارێزگای بەغدا هیچ بەشەسووتەمەنییەک بۆ مووەلیدە نوێیەکان تەرخان نەکات.
سەبارەت بە کەرتی وەرزش و لاوان، کۆبوونەوەکە رەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی، سەنتەر، هۆڵ و میوانخانە وەرزشییەکان بۆ سەر ئیدارەی پارێزگاکان، بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008ی هەموارکراو، تەنها بەشەکانی بەهرەمەندی وەرزشی لەژێر دەستی وەزارەتدا دەمێننەوە.
لە کەرتی کشتوکاڵدا و بۆ پاڵپشتی جوتیارانی دیوانیە، رەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوەکانی عەباسیە و کوفە بۆ چاندنی برنج، هەروەها دابینکردنی 8 کاتژمێر کارەبای رۆژانە بۆ پەمپەکانی ئاو لەو ناوچانەدا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەند بڕیارێکی کارگێڕی دران، لەوانە هێنانەکایەی ناحیەکانی (شوان، قرهەنجیر و بایچی) لە پارێزگای کەرکووک، هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاڵەنگارییەکانی گەشەی دانیشتووان بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پلاندانان و پارێزگاکانی بەغدا، موسەننا و نەینەوا.
AM:08:53:10/08/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت