ئەمینداری نوجەبا بۆ سعودییە: ئاگر بە ئاگر دەکوژێنینەوە


وێستگەنیوز-

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا هێرشێکی توند دەکاتە سەر سعودیە و دەڵێت، گفتوگۆ و دیپلۆماسی لەگەڵ ریاز هیچ سوودێکی نییە و دەبێت بە زمانێکی سەربازی وەڵامی هێرشەکان بدرێتەوە.


شەوی شەممە 8ـی ئابی 2026، ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، لە راگەیەندراوێکدا هێرشی کردە سەر شانشینی سعودیە و ئەو وڵاتەی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت هەموو ئەو "پیلانگێڕی"یانەوەیە کە دژی گەلی عێراق ئەنجام دەدرێن.

ئەمینداری بزوتنەوەی نوجەبا ئاماژەی بەوە کرد، سعودیە دەستی لە ڕشتنی خوێنی عێراقییەکاندا هەیە، ریاز لە ساڵانی ڕابردوودا بودجەی بۆ هەزاران ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو دابین کردووە بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکەمان.

سەبارەت بە هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، ئەمینداری نوجەبا سووربوونی خۆی لەسەر وەڵامی سەربازی نیشاندا و ڕایگەیاند: وەڵامی مووشەک تەنها بە مووشەک دەبێت، ئاگریش تەنها بە ئاگر دەکوژێتەوە، چونکە بژارەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەواندا بێسوودە.

ئەکرەم کەعبی رەخنەی توندی لەو لایەنانەش گرت کە باس لە وەرگرتنی قەرەبووی دارایی دەکەن لە بەرامبەر خوێنی چەکدارەکانیان و وتی: هیچ سەروەت و سامانێکی ئەم جیهانە یەکسان نییە بە دڵۆپە خوێنێکی شەهیدانی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە 29ـی مانگی تەممووزدا، لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشد لە 6 پارێزگای عێراق و کەرکووک، 18 چەکدار کوژران و 20ـی دیکەش بریندار بوون.



AM:09:31:09/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو