وەزیری دارایی عێراق داوایەکی بەپەلە ئاراستەی پەرلەمان دەکات


وێستگەنیوز ـ

وەزیری دارایی عێراق داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ ئەوەی میوانداریی بکرێت، ئامانجیشی ڕوونکردنەوەی بارودۆخی ئابووری و ئەو ئاستەنگانەیە کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی ئابی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فالح ساری وەزیری دارایی، داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، بە مەبەستی میواندارییکردنی لە نزیکترین دانیشتنی پەرلەماندا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، مەبەستی وەزیر لەم داواکارییە بۆ خستنەڕووی وردەکاریی بارودۆخی دارایی و ئابووری عێراق و ڕوونکردنەوەی گرنگترین ئەو ئاستەنگە داراییانەیە کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکە دروستبوون.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دارایی جەختی کردووەتەوە کە وەزارەتەکەی دەیەوێت وێنەیەکی ڕاست و ورد لەسەر ڕاستییە داراییەکان و ئەو ڕێوشوێنانەی گرتوویانەتە بەر، پێشکەشی نوێنەرانی گەل بکات؛ ئەوەش لەپێناو دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی پابەندبوونە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت و بەردەوامبوونی پڕۆگرامەکانی ڕیفۆرمی دارایی و کارگێڕی.



PM:02:20:03/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت