عەلی زەیدی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان: وەفا بۆ قوربانیان بە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دادپەروەری دەبێت
وێستگەنیوز ـ
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە 12ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، وەفا بۆ خوێنی قوربانییەکان تەنها بە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوان بەدی دێت.
لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی جینۆسایدی 3ـی ئابی سەر ئێزدییەکان، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یادی یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکان دەکەینەوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دژی گەلی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامیدا و ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند.
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەوەی حکومەتەکەی کار دەکات بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و وتی: وەفا بۆ قوربانییەکان بە ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوان، چاودێریکردنی ژنانی ڕزگاربوو، ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و پڕشکۆ بۆ ئاوارەکان دەبێت.
عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم یادە ئازاربەخشە هاوکاتە لەگەڵ یادی چلەی ئیمام حوسێن، کە هەردووکیان هەڵگری بەهای ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و سەرخستنی حەق و ئاشتیین، هەروەها ستایشی قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکان و پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد لە تێکشکاندنی داعشدا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە دەوڵەت زامنی مافی هەمووانە و بەردەوام دەبین لە پاراستنی سەروەری عێراق، هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و چەسپاندنی ئاسایش و دادپەروەری، بە شێوەیەک کە ڕێگر بێت لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە لە داهاتوودا"
AM:10:12:03/08/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت