وتەبێژی حکومەت: تاران بەڵێنەکەی بۆ ئاسانکاری گواستنەوەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز جێبەجێ نەکردووە


وێستگەنیوز ـ

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق وردەکاریی گفتوگۆیەکی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەو لێخۆشبوونەی بۆ تێپەڕینی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز بەڵێنی لەسەر درابوو، لە واقیعدا بوونی نییە و ئێران وەک کارتێکی فشار مامەڵە لەگەڵ گەرووەکەدا دەکات.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وردەکاری گفتوگۆکانی نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: لە میانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران، لایەنی ئێرانی بەڵێنی دابوو و ڕێنمایی لە ئاستی باڵادا دەرکردبوو بۆ بەخشینی ئەو کەشتیانەی نەوتی عێراق دەگوازنەوە لە هەموو کۆت و بەندەکانی پەڕینەوە لە گەرووی هورمز.

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەراوێزی دانیشتنەکەدا گوێبیستی سەرۆک کۆماری ئێران بووە کە وتوویەتی: نەوتی عێراق لە پەڕینەوە لە ڕێگەی هورمزەوە بەخشراوە و ڕێنمایی ئاستبەرز هەیە بۆ پێدانی لێخۆشبوون بە تانکەرە عێراقییەکان.

سەبارەت بە ئەنجامی ئەو بەڵێنانە حەیدەر عەبودی باسی لەوە کرد، واقیع سەلماندی ئەم لێخۆشبوونە کاری پێناکرێت، چونکە کاتێک تانکەرەکان ڕۆشتن هیچ لێخۆشبوونێک لە ئارادا نەبوو، دوای بەدواداچوون بۆمان ڕوون بووەوە گەرووی هورمز خاڵی سەرەکی هێزی لایەنی ئێرانییە لە ململانێکاندا و لە هیچ بارودۆخێکدا قوربانی بەو کارتە نادات.

لە کۆتاییدا عەبودی جەختی کردەوە لەوەی تاران دەستی گرتووە بە گەرووی هورمزەوە وەک دیارترین کارتی هێز لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئێستادا، هەر بۆیە ئەو لێخۆشبوونانەی پێشتر بەڵێنی لەسەر درابوو، نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


AM:09:30:03/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت