عەلی زەیدی لە نێوان چەکی گرووپەکان و هەڵمەتی "دژە گەندەڵی"دا
وێستگەنیوز-
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ئێستادا رووبەڕووی یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغە سیاسی و ئەمنییەکانی کارکردنی دەبێتەوە، حکومەتەکەی زەیدی کە بەڵێنی سنووردارکردنی چەک و بنبڕکردنی گەندەڵی دابوو، ئێستا لە نێوان فشاری گرووپە چەکدارەکان و لێکەوتەکانی لێدانە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکاندا گیری خواردووە.
بەپێی رای چاودێرانی سیاسی، هەرچەندە سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن سەرکەوتنێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو، بەڵام لە ناوخۆدا کێشەی "چەکی دەرەوەی دەوڵەت" وەک گەورەترین بەربەست ماوەتەوە. لێدانە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی 29ی تەمووزی 2026، کە لە لایەن ئەمریکا و سعودیەوە کرایە سەر کۆگاکانی چەکی گرووپە لایەنگرەکانی ئێران، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە, ئەم لێدانانە بوونەتە بیانوو بۆ هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان تاوەکو رەوایەتی بدەن بە هەڵگرتنی چەک و رەتکردنەوەی پڕۆژەی حکومەت بۆ رێکخستنەوەی هێزەکان.
هاوکات، نیگەرانییەکی زۆر هەیە کە ئەم ئاڵۆزییە ئەمنییانە ببێتە هۆی سستبوونی هەڵمەتی (سۆڵەی فەجر)، کە حکومەت بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران دەستی پێکردووە, هەندێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی سەرقاڵبوونی میدیا و ناوەندە سیاسییەکان بە دۆسیە ئەمنییەکان، تۆمەتبارانی گەندەڵی هەستیان بە ئارامی کردووە و فشارەکان لەسەریان کەم بووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، حکومەتی عێراق لە 28ی حوزەیرانی رابردوو قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی دژە گەندەڵی دەستپێکرد و چەندین بەرپرس و سەرمایەداری دەستگیر کرد. لە ئێستاشدا ئامادەکاری بۆ قۆناغی دووەم دەکرێت کە وەزارەتەکانی (تەندروستی، نەوت و کارەبا) دەکاتە ئامانج، لەگەڵ کاراکردنی یاسای (ئەمەت لە کوێ بوو) بۆ بەدواداچوونی دارایی و خانووبەرەی بەرپرسان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
شارەزایان و کەسایەتییە ئایینییەکان لە نەجەف و شارەکانی دیکە، داوا لە سەرۆک وەزیران دەکەن کە رێگە نەدات پێشهاتە ئەمنییەکان بببنە هۆی پاشەکشە لە هەڵمەتی چاکسازی و جەخت دەکەنەوە کە متمانەی هاووڵاتییان بە دەوڵەت تەنها لە رێگەی چەسپاندنی یاسا و گێڕانەوەی سامانی گشتی بۆ گەنجینەی حکومەت بەهێز دەبێت.
PM:03:26:02/08/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت