ژنە بەرپرسێکی کەرکوک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کرا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، کە توانراوە ژنە بەرپرسێکی باڵا لە فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای کەرکوک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر بکرێت.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، تۆمەتبارەکە کە پلەی سەرۆکی بەشی کارپێکردنی هەبووە، تێوەگلاوە لە سەرانەسەندن لە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران لە بەرامبەر راییکردنی مامەڵە فەرمییەکانیان.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک دوای بۆسەیەکی تۆکمە، توانیویانە ئەو بەرپرسە لە کاتی وەرگرتنی بڕە پارەیەکدا دەستگیر بکەن. ئەو پارەیەی وەک بەرتیل وەریگرتووە، لە بەرامبەر پێدانی نووسراوی "نەبوونی رێگری" بووە بۆ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی پەروەردەکردنی ماسی.
هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر سەرجەم ئەو نووسراو و بەڵگەنامانەدا گیراوە کە پەیوەست بوون بەو پڕۆژەیەوە و وەک بەڵگەی تێوەگلان لە دۆسیەی بەرتیل وەرگرتنەکە بەکاردەهێنرێن.
PM:01:26:02/08/2026
ئهم بابهته 564
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت