بۆ جاری دووەم عەلی زەیدی هەڕەشەی جێهێشتنی پۆستەکەی کردووە


وێستگەنیوز-

رۆژنامەی "المدێ" لە راپۆرتێکی تایبەتدا پەردەی لەسەر ئاڵۆزییەکانی ناو کۆبوونەوەی ئەم دواییەی چوارچێوەی هەماهەنگی لادا و رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهۆی فشارە سیاسی و ئەمنییەکانەوە، بۆ جاری دووەم هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە.


بەپێی زانیارییەکانی راپۆرتەکە، هەڕەشەکەی زەیدی دوای ئەوە هاتووە کە گروپە چەکدارەکان فشاری توندیان خستووەتە سەر حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی بۆ سعودیە و رێگریکردن لە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک. گروپەکان تا رۆژی هەینی مۆڵەتیان داوەتە حکومەت و رایانگەیاندووە، ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، بە شێوەی تاکلایەنە لە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ رەفتار دەکەن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە، ئاشکرا کراوە کە لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا 7 کۆبوونەوە لە نێوان بەغدا و ریاز ئەنجامدراون، بەڵام لایەنی عێراقی نەگەیشتووەتە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە کە بسەلمێنێت هێرشەکانی سەر سعودیە لە ناو خاکی عێراقەوە بووە؛ لە کاتێکدا گومانەکان بۆ سەر حوسییەکان یان تێوەگلانی ئیسرائیل دەچن.

لەلایەکی دیکەوە، کێشەیەکی نوێ لەگەڵ ئوردن سەریهەڵداوە، دوای ئەوەی زانیاریی بڵاوکرایەوە کە گروپی "سەرایای ئەولیای دەم" ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر ئوردن لە خاکی عێراقەوە، حکومەتی عەممان بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە هەر هێرشێک بکرێت، بە توندی تۆڵە دەکەنەوە. ئەم بابەتە دابەشبوونی توندی لە ناو سەرکردە شیعییەکان دروست کردووە و زۆربەیان پاڵپشتی هەڵوێستی حکومەت دەکەن، جگە لەو سەرکردەیەی کە هەژموونی بەسەر گروپە ئاماژەپێکراوەکەدا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، تۆمەتبار کراوە بە کەمتەرخەمی لە پاراستنی هەندێک لە شوێنەکانی حەشد کە کراونەتە ئامانج، شارەزایان پێیان وایە ئێستا عەلی زەیدی لە بەردەم سیناریۆیەکی سەختدایە، چونکە ئەم قەیرانە تەنها ئەمنی نییە، بەڵکو کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری و وەبەرهێنان و پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) دەبێت کە حکومەت هیوای زۆری لەسەر هەڵچنیوە.


AM:11:07:02/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت