عەلی زەیدی: رێککەوتنەکە پرسی کارەبا و سەرچاوەکانی ئاو و چەندان بواری دیکە دەگرێتەوە
وێستگەنیوز-
حکومەتی عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی ستراتیژییان بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان واژۆ کرد.
ئەمڕۆ شەممە 1ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی (ئێکس) رایگەیاند: "لە دەستکەوتێکی ستراتیجیی گرنگدا بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتمان، ئەمڕۆ عێراق و تورکیا رێککەوتنێکیان لەبارەی گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان واژۆ کرد."
بەپێی زانیارییەکانی ناو رێککەوتنەکە، بڕی هەناردەکردنی نەوت لانی کەم 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دەبێت، بڕیارە کۆمپانیا عێراقی و تورکییەکان دەستبەجێ دەست بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بکەن لەم ئاراستەیەدا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکومەتی هەردوو وڵات لە هەوڵی ئەوەدان لە چوارچێوەی رێڕەوێکی تاوتوێکراودا، کار بکەن بۆ تەواوکردنی رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی گشتگیر. ئەو رێککەوتنە تەنها پرسی نەوت ناگرێتەوە، بەڵکو کەرتەکانی کارەبا، سەرچاوەکانی ئاو و چەندین بواری تری هاوکاری لەخۆدەگرێت کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەهێز دەکات و پشتگیری لە گەشەپێدان و سەقامگیری دەکات.
PM:05:20:01/08/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت