هیام یاسری بۆ وێستگەنیوز: پشک پشکێنە و گەندەڵی مەترسییان لەسەر مووچە دروستکردووە


وێستگەنیوز- محەمەد فاتیح

پەرلەمانتارێکی عێراق باس لەو هۆکارە ڕاستەقینانە دەکات کە بوونەتە مەترسی بۆ سەر مووچەی فەرمانبەران و ڕایدەگەیەنێت، عێراق داهاتی زۆری هەیە، بەڵام خراپیی بەڕێوەبردن ڕێگرە لە چارەسەرکردنی کێشەکان.


ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەمووزی 2026، هیام یاسری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند: دەوڵەتی عێراق چەندین سەرچاوەی دارایی و داهاتی جۆراوجۆری هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆیە ئەو قسەیەی دەوترێت سەرچاوەی جێگرەوە بۆ نەوت نییە دوورە لە ڕاستییەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکارە سەرەکییەکانی سوودوەرنەگرتن لە داهاتە نانەوتییەکان بریتین لە، پشک پشکێنەی سیاسی، خراپیی بەڕێوەبردن، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی.

هیام یاسری هەروەها وردەکاریی ئەو داهاتانەی خستە ڕوو کە دەکرێت وەک جێگرەوەی نەوت بەکاربێن و وتی: عێراق خاوەنی داهاتی زۆری وەک باج، گومرگ، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، وەبەرهێنانەکانی بانکی ناوەندی، غەرامەکانی هاتووچۆ و قازانجی بانکە حکومییەکانە، کە ئەگەر بە پلان و دەستپاکییەوە بەڕێوەببرێن، بە هیچ شێوەیەک کێشە بۆ مووچە دروست نابێت.

لە کۆتاییدا هیام یاسری دووپاتی کردەوە کە زۆر گرنگە چاکسازیی ئیداری و دارایی ڕاستەقینە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی داهاتەکان بە شێوەیەکی دروست بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و دابینکردنی شایستە داراییەکان تەرخان بکرێن.


PM:08:47:31/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت