عەلی زەیدی هۆشداریی دەدات؛ یان ڕادەستکردنی چەک یان دەستلەکارکێشانەوە
وێستگەنیوز-
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەڕەشەی جێهێشتنی پۆستەکەی کردووە، ئەگەر بێت و لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەکدا ڕێگری لێ بکرێت.
بەپێی زانیاریی میدیا عێراقییەکان کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیان کەوتووە، عەلی زەیدی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستای وڵات دەربڕیوە و بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە: ئەگەر فشارەکان بۆ سەر حکومەت بەردەوام بن و ڕێگری لە چاکسازییەکان بکرێت، ئامادەم بە فەرمی دەست لەکار بکێشمەوە.
سەرۆک وەزیران داوای لە هێزە سیاسییەکان کردووە پابەندی بەڵێنەکانیان بن و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت تاوەکو ڕێکەوتی 30ـی ئەیلولی 2026، سەرجەم گروپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و تەنها هێزە فەرمییەکان چەکیان بەدەستەوە بێت.
هەڕەشەکەی عەلی زەیدی لە کاتێکدایە کە تا ئێستا تەنها سێ گروپ ئامادەیی خۆیان بۆ تێکەڵبوون بە دامەزراوە فەرمییەکان نیشانداوە، کە ئەوانیش بریتین لە، سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتیبەکانی ئیمام عەلی.
لە بەرانبەردا، هەر یەکە لە کەتیبەکانی حیزبوڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە توندی داواکەی سەرۆک وەزیرانیان ڕەتکردووەتەوە و ئامادە نین چەکەکانیان ڕادەست بکەن، ئەمەش سەرۆک وەزیرانی خستووەتە بەردەم بژاردەی دەستلەکارکێشانەوە.
PM:05:50:31/07/2026
ئهم بابهته 504
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت