لە عێراق و هەرێم بازاڕ سستە بەڵام کەرتی تەکنەلۆجیا لە گەشەیەکی خێرادایە
وێستگەنیوز-
لە کاتێکدا بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی دواکەوتنی مووچە و کەمیی نەختینەوە سستییەکی زۆریان پێوە دیارە، بەڵام کەرتی تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە گەشەدایە و بڕی تەرخانکراوی ئامێرەکانی ستارلینک بۆ عێراق بە تەواوی فرۆشراون.
بە پێی پلاتفۆرمی فەرمیی کۆمپانیای ستارلینک، داواکاریی هاووڵاتییانی عێراق بۆ ئینتەرنێتی ئاسمانی گەیشتووەتە ئەوپەڕی توانا، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکە سیستەمی لیستی چاوەڕوانی کارا بکات؛ بە جۆرێک هاووڵاتییان دەبێت پارەی سەرەتایی بدەن و چاوەڕێ بکەن تاوەکو وەجبەی نوێی ئامێرەکان دەگاتە وڵات.
ئەم خواستە زۆرەی هاووڵاتییان لە کاتێکدایە کە تێچووی بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکە بەرزە، تێچووی کڕینی ئامێرەکە نزیکەی 375 دۆلاری تێدەچێت، ئابوونەی مانگانەش نزیکەی 62,000 دیناری عێراقییە.
پسپۆڕانی ئابووری و تەکنەلۆجیا ئاماژە بەوە دەکەن، پەنابردن بۆ ئەم ئینتەرنێتە تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو پەیوەستە بە گۆڕانی سروشتی کار لە عێراقدا.
بۆ ئەو کەسانەی لە بوارەکانی پرۆگرامسازی، دیزاین، بازرگانی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی ناوەڕۆک کار دەکەن، هەبوونی ئینتەرنێتێکی جێگیر و بێ پچڕان بووەتە پێویستییەکی پیشەیی و وەبەرهێنان نەک تەنها خەرجییەکی زیادە.
هەروەها خراپی و ناجێگیریی خزمەتگوزاریی کۆمپانیا ناوخۆییەکان، وایکردووە خاوەنکاران ستارلینک وەک جێگرەوەیەکی متمانەپێکراو ببینن، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆمپانیاکە مۆڵەتی فەرمی کارکردنی لە عێراق وەرگرت.
PM:04:45:31/07/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت