سەباح نوعمان: سعودیە هیچ پاساوێکی بۆ هێرشکردنە سەر عێراق نییە و سکاڵا تۆمار دەکەین
وێستگەنیوز-
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێرشەکانی سعودیە بۆ سەر خاکی عێراق هیچ پاساوێکی یاساییان نییە و بەغدا لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە رێوشوێنی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو هێرشانە دەگرێتەبەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەمووزی 2026، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای رووداو رایگەیاند، ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر عێراق پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی نیشتمانیین. ئاماژەی بەوەش کرد کە سعودیە هیچ پاساوێکی نییە بۆ ئەوەی خاکی عێراق بکاتە ئامانج و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە رەفتارانە و هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، زیانی گەورە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی عێراق دەگەیەنێت.
سەباح نوعمان باسی لەوەش کرد، حکومەتی عێراق بڕیاری کۆتایی و روونی داوە کە دەبێت چەک تەنها لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت و رێگە بە هیچ چەکدارێکی دەرەوەی یاسا نادرێت. وتیشی: "عێراق لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەموو رێوشوێنە یاساییەکان بەرامبەر بەو هێرشانە دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ماف و سەروەریی خۆی."
سەبارەت بە هەبوونی راوێژکارانی سەربازیی ئێرانی لە ناو خاکی عێراقدا، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد کە زانیاری تەواوی لەو بارەیەوە لەبەردەستدا نییە.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی توندی سەربازیدا تێدەپەڕێت و حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات لەرێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە رێگری لە زیاتر تێکچوونی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکەی بکات.
PM:12:27:30/07/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت