وەزارەتی دەرەوەی ئێران: وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرشەکانی سەر عێراق هەوڵی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ فراوانکردنی جەنگ


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمووزی ئەمریکا و سعودیە دەکات بۆ سەر خاکی عێراق و هۆشداری لە لێکەوتەکانی دەدات.


وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەم هێرشە دەستدرێژکارانەیەی ئەمریکا و سعودیە، چەندین ناوچەی جیاوازی عێراقی گرتووەتەوە و تێیدا دامەزراوە و موڵک و ماڵی سەر بە لایەنە فەرمییەکان کراونەتە ئامانج. تاران ئاشکراشی کرد کە هێرشەکان کاروان و وێستگەکانی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێنیان گرتووەتەوە، ئەمەش وەک کارێکی "تاوانکاری و دژە مرۆڤیی" وەسف کراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە دەستدرێژییەکی ئاشکران بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی و سەلامەتیی خاکی عێراق، هەروەها پێشێلکردنی بڕگەی 4 لە ماددەی 2ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکانە. ئێران پێی وایە ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی "تەماحکارییەکانی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی" دێن بۆ فراوانکردنی بازنەی جەنگ و ململانێ لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیادا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەک لە رۆڵەکانی گەلی عێراق، پشتیوانی و هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و گەلی عێراق دووپات کردەوە. تاران بە راشکاوی حکومەتی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بە بەرپرسیار دەزانێت لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم کارە هاندەرانەیە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم رەفتارانە ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.


PM:02:50:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو