دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای لەسێدارەدانی بۆ 6 تیرۆرست دەرکرد


وێستگەنیوز-

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دادگای تایبەتمەندی تاوانەکانی کەرخ سزای لەسێدارەدانی بە هەڵواسین تا مردن بۆ 6 تیرۆریستی سەر بە رێکخراوی داعش دەرکردووە، کە یەکێکیان پۆستی "والی ئەنبار"ی هەبووە.


بەپێی راگەیاندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەم سزادراوانە پێشتر لە رێگەی زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی هەواڵگریی پێشوەختە و جۆرییەوە دەستگیر کرابوون و پیلانەکانیان هەڵوەشێنرابووەوە، لێکۆڵینەوەکان بە سەرپەرشتی دادوەر جەبار حسێن، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی 3ی کەرخ ئەنجامدراون، کە تێیدا سەرجەم بەڵگەکان لەسەر تاوانباران بەهێز کراون.

لە لێکۆڵینەوەکاندا سەلماوە کە ئەم 6 تیرۆریستە بەشداریی کاریگەریان لە ناو رێکخراوی داعشدا هەبووە و دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی کاری چەکداری و هەڵگرتنی چەک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و بڵاوکردنەوەی ترس لە نێو هاووڵاتییاندا.

پشتبەستن بەم بەڵگانە، دادگای تاوانەکانی کەرخ بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانباران دەرکردووە، ئەمەش بەپێی ئەحکامەکانی ماددەی 4ی یەکەم، بە دلالەتی ماددەی 2/3 و 7 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە کۆتایی راگەیاندراوەکەیدا کە لە 29ی تەموزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات لە هەر جۆرە هەڕەشەیەک.


PM:02:02:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو