ئەمریکا و سعودیە هێرشی هاوبەشیان کردە سەر حەشدی شەعبی
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمووزی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی سعودیە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگا و کۆگاکانی چەکی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەکی جیاوازی عێراق، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە.
ئاماری زیانە گیانییەکان بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی، لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا لە پارێزگای نەینەوا 8 ئەندامیان کوژراون و 4ی دیکەش بریندار بوون، لە پارێزگای بەسرە و لە ناوچەی ئەلدەیر، کوژراوێک و 6 بریندار هەن، هەروەها لە پارێزگای دیالەش کوژراوێک و 3 بریندار تۆمار کراون، کۆی گشتی قوربانییەکان گەیشتووەتە 10 کوژراو و 13 بریندار، جگە لە زیانی ماددی گەورە کە بەر بینا و کۆگاکانی چەک کەوتوون.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانی سعودیە ئەنجامدراوە و ئامانج لێی ئەو گرووپە چەکدارانە بووە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، سێنتکۆم دەڵێت، ئەم گرووپانە لە 72 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 30 هێرشی درۆنییان ئەنجامداوە.
لای خۆشییەوە وەزارەتی بەرگری سعودیە ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکە وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانیان لە ناوچەی رۆژهەڵات و ریاز، کە لە ناو خاکی عێراقەوە دەستیان پێکردووە، سعودیە جەختی کردەوە کە ئەم هێرشە بەپێی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە سۆنگەی مافی بەرگری لە خۆ ئەنجامدراوە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیەش رایگەیاند، میلیشیاکان رێبازی گرژیی نابەرپرسانەیان هەڵبژارد و پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باشیان پشتگوێ خست.
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی بە "تیرۆریستی و غەدرئامێز" ناوبرد و بە پێشێلکردنی روونی سەروەریی عێراقی زانی، هاوکات عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگانە بکەن کە سعودیە پێشکەشی کردوون و دووپاتی کردەوە کە رێگە نادەن خاکی عێراق ببێتە مەیدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، تەنها لە نێوان مانگی شوبات تا نیسانی 2026، گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە 600 هەوڵی هێرشکردنیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا داوە، ئەمەش دۆخەکەی بەرەو ئاڵۆزییەکی مەترسیدارتر بردووە.
AM:08:18:29/07/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت