ئۆکرانیا: تۆمەتەکانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق خزمەت بە پروپاگەندەی رووسیا دەکات
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا بە توندی ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە کە لەلایەن قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری عێراقەوە ئاراستەیان کراوە، عەبوودی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بە تێوەگلانی ئەگەریی ئۆکرانیا لە چالاکیی نایاسایی لەسەر خاکی عێراق کردبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەمووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هیچ راستی و بەڵگەیەک بۆ پشتگیریکردنی ئەم تۆمەتانە نییە، تەنانەت خودی بەرپرسە عێراقییەکەش لە کاتی لێدوانەکانیدا دانی بەوەدا ناوە کە بەڵگەی تەواوی لەبەردەست نییە، کیێڤ ئاماژەی بەوەش کردووە کە لایەنی عێراقی پێشتر هیچ نیگەرانییەکی لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پێ رانەگەیاندوون و ئەوان لە رێگەی میدیاکانەوە گوێبیستی ئەو تۆمەتانە بوون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم جۆرە لێدوانانە لە بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتێکی دۆست بە ناپەسەند و نابەرپرسانە دەزانین، چونکە دژی پرەنسیپەکانی رێزگرتنی دوولایەنەیە و زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکرانیا و عێراق دەگەیەنێت".
ئۆکرانیا جەختی کردووەتەوە کە ئەم لێدوانانە لەگەڵ پڕوپاگەندەکانی رووسیا دەگونجێن کە ئامانجیان لەکەدارکردنی ناوی ئۆکرانیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها گومانی ئەوەیان نیشانداوە کە ئەم رووداوە رەنگە دەرەنجامی کاریگەریی زانیاریی دەرەکی یان ئۆپەراسیۆنێکی دەروونی بێت بۆ تێکدانی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات.
پێشتر قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبوو، کە ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە کە هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە عێراق و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە بۆ ئۆکرانیا کار دەکەن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە روو.
لە لایەکی دیکەوە، تێکچوونی پەیوەندییەکان لە کاتێکدایە کە هەڕەشەی جیاواز لە ناوچەکەدا هەیە، لەوانە هەڕەشەی هەندێک کەناڵی تێلیگرامی لایەنگری ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، دوای ئەوەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رێنمایی دا بە ئاژانسە هەواڵگرییەکان بۆ چاودێریکردنی پشتگیرییەکانی رووسیا بۆ ئێران. هاوکات لە لایەکی دیکەوە ئاماژە بەوە دەکرێت کە تەنها 3یەک لە ئەمریکییەکان رەزامەندن لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لە دژی ئێران، کە دوایین جار دۆناڵد ترەمپ دوای 13 رۆژ فەرمانی راگرتنی هێرشە نوێیەکانی دابوو.
PM:02:43:28/07/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت