بەهۆی سووکایەتیکردن بە فەرمانبەرێک؛ عالیە نوسەیف سزای دارایی درا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کەرخ لە شاری بەغدا، بڕیارێکی مەدەنی لە دژی عالیە نوسەیف جاسم، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق دەرکرد و پابەندی کرد بە دانی قەرەبوویەکی دارایی بە حوسێن یوسف تەمیمی، کە راوێژکارێکی یاساییە لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش بەهۆی سەلماندنی تاوانی ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن پێی.


بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی تێهەڵچوونەوەی مەدەنی لە دادگاکە، بەرپرسیارێتیی مەدەنیی ئەو پەرلەمانتارە سەلمێنراوە لەو زیانانەی کە بەهۆی سووکایەتیکردن بەو فەرمانبەرە لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ناوبراو خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانی بووە.

دادگا ئاماژەی بەوە کردووە، جێبەجێکردنی ئەرکی رەسمی نابێت بکرێتە هۆکارێک بۆ سووکایەتیکردن بە کەسەکان و یاسا پارێزبەندی بۆ هەموو فەرمانبەرێک یان هەر راسپێردراوێک بە خزمەتی گشتی دابین دەکات، هەروەها ماف دەداتە هەر کەسێک کە مافی پێشێل بکرێت، رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە پەیامێکی روونی دەسەڵاتی دادوەرییە بۆ دووپاتکردنەوەی سەروەریی یاسا و رەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر فەرمانبەران لە کاتی کارکردنیاندا، جەختیشیکردووەتەوە کە قەرەبووکردنەوەی مەدەنی ئامانج لێی پاراستنی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی پرەنسیپی بەرپرسیارێتییە.


PM:01:10:28/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو