راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: شانەی ئۆکرانیمان دەستگیرکردووە کە بۆردومانیان ئەنجامداوە
وێستگەنیوز -
قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی چەند کۆمەڵەیەکی راگەیاند کە بە وتەی ئەو "بۆ بەرژەوەندی ئۆکرانیا کار دەکەن" و دوای لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوە کە کردەوەی بۆردومانیان لە ناو خاکی عێراقدا ئەنجامداوە و دامەزراوە ناوخۆییەکانیان کردووەتە ئامانج.
عەبوودی ئاشکرای کرد، شانەیەکی هەواڵگریی تایبەت لە کاتی شیکردنەوەکاندا نیشانە و بەڵگەی دەستوەردانی ئۆکرانیای لە کاروباری عێراقدا بەدی کردووە، ناوبراو جۆری ئەو دامەزراوە و شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج دیاری نەکرد و جەختی لەوە کردەوە کە دۆسیەی بۆردومانەکان ئاڵۆزن و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە پێش ئەوەی تۆمەتی یەکلاکەرەوە ئاراستەی هیچ لایەنێک بکرێت.
ئەم پێشهاتە ئەمنییە دوای ئەوە هات کە بەیانی رۆژی دووشەممە، وڵاتی سعوودیە رایگەیاند، رێگرییان لە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردووە و تێکیان شکاندوون کە لە خاکی عێراقەوە بەرەو دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات و ریاز بەڕێکەوتبوون، لە بەرامبەردا عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رێنمایی لایەنە ئەمنییەکانی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بەیاننامەیەی سعوودیە.
لە لایەکی دیکەوە، قاسم عەبوودی دەربارەی پرسی چەک و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای گفتوگۆیەکی درێژخایەن، لەسەر سنووردارکردنی چەک رەزامەندی نیشانداوە و بەڵێنی بە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران داوە کە هاوکار بێت لەم پرسەدا، چونکە تاران گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی دوای کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، هیچ پاساوێک بۆ بوونی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت نەماوە".
ئەم لێدوانانەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەربارەی بوونی "شانەی ئۆکرانی" کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن و دەدرێنە پاڵ گروپەکانی تر، کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە رۆژنامەوانی و سیاسییەکاندا دروست کردووە، رۆژنامەنووس جاسر ئەلجاسر لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئەم تەفسیرە خەیاڵییە و نالۆژیکییە"، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئۆکرانیا لە ناوخۆیدا لە جەنگی مان و نەماندایە و بەرژەوەندییەکی لەوەدا نییە هێرش لە ناو عێراق ئەنجام بدات.
هاوکات بەشێک لە چاودێران ئەم لێدوانانەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە هەوڵێک بۆ بێتاوانکردنی هەندێک گروپی ناوخۆیی و گواستنەوەی تۆمەتەکان بۆ لایەنی دەرەکی وەسف دەکەن، بەتایبەت کە پێشتر هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان پیرۆزباییان لەو هێرشانە کردبوو کە دامەزراوەکانی دەوڵەتیان دەکردە ئامانج.
AM:08:58:28/07/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت