دوای سەردانەکانی زه‌یدی بۆ واشنتۆن و تاران چی روویدا وا پرۆسه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی خاوبووه‌وه؟
وێستگه‌نیوز –
عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستپێكرد كه مه‌به‌ستی بوو شۆكهێنه‌ر بێت. تانكه‌كان چوونه ناوچه‌ی سه‌وز، به‌ڵێن درا به‌دواداچوون بۆ به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵ بكرێت له هه‌ر پۆستێكدا بن، و لێدوانی راشكاوانه ده‌درا و باس له نه‌بوونی هێڵی سوور ده‌كرا، به‌ڵام دوای نزیكه‌ی مانگێك، پێده‌چێت هه‌ڵمه‌ته‌كه تووشی به‌ربه‌ستێك بووبێت كه سه‌رۆك وه‌زیران چاوه‌ڕوانی نه‌كردبوو.
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان به رۆژنامه‌ی ئهلـمهدایان راگه‌یاندووه كه زه‌یدی ده‌یه‌وێت هه‌ڵمه‌ته‌كه بگه‌یه‌نێته كۆتایی و بۆ یه‌كه‌مجار فایله‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو هه‌ڵبداته‌وه و ته‌نانه‌ت یه‌كێكیان بخاته‌ناو قه‌فه‌سی دادگاوه.
به‌ڵام به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، رێككه‌وتنێكی نه‌نووسراو رێگری ده‌كات له گه‌یشتن به‌و دۆخه و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی پێشوو و سه‌ركرده باڵاكان و به‌ناو "باوكه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی" ده‌خه‌نه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی لێپێچینه‌وه.
لێره‌دا وه‌ك سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن خه‌ونه‌كانی زه‌یدی، یان ئه‌وه‌ی له‌ناو هاوپه‌یمانی شیعه‌دا به "خه‌ونه‌كانی زه‌یدی" ناسراوه، ده‌ستیان كرد به به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ واقیع.
به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، ئه‌و پیاوه ئێستا رووبه‌ڕووی دوو مه‌ترسی هاوته‌ریب بۆته‌وه: مه‌ترسی تیرۆركردن، كه نووسینگه‌كه‌ی ئاماژه‌ی پێكردووه، هه‌روه‌ها مه‌ترسی رووخانی حكومه‌ته‌كه‌ی یان ناچاركردنی به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له ده‌ستبردن بۆ "هێڵه سووره‌كان".
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان سه‌باره‌ت به هه‌ندێك له گفتوگۆ بڵاونهكراوهكانی نێوان هێزه سیاسییه‌كان به تایبه‌تی له ناو "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" به ئهلمهدایان وتووه كه زه‌یدی به باوه‌ڕه‌وه هاتۆته ناو شه‌ڕه‌كه‌وه، به پشتبه‌ستن به‌و لێدوانانه‌ی كه "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" ده‌رده‌چوون كه شه‌ڕی دژی گه‌نده‌ڵی له هیچ به‌ربه‌ستێكدا ناوه‌ستێت و له‌وانه‌یه بگاته ئه‌و كه‌سایه‌تییانه كه كه‌س چاوه‌ڕێی ده‌ستگیركردنی نه‌ده‌كردن.
سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌م ئاراسته‌یه‌ی نه‌ده‌شارده‌وه. هێشتا پلاتفۆرمه ئه‌لیكترۆنی و میدیاییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه رۆژانه دیمه‌نه‌كانی دانیشتنێكی كابینه‌ی حكومه‌ت له مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه، كه تێیدا ئه‌لزه‌یدی وتی: "ئێمه هیچ هێڵێكی سوور و زه‌ردمان نییه به‌رامبه‌ر هیچ گه‌نده‌ڵێك"، به‌ڵام به‌پێی سه‌رچاوه‌كان، هیچ كام له‌وانه رووینه‌داوه.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كان، زه‌یدی ئاگاداری رێككه‌وتنێكی نه‌نووسراو بووه كه رێگری له هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسێی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی پێشوو، سه‌ركرده باڵاكان، یان ئه‌وانه‌ی به "باوكانی پرۆسه‌ی سیاسی" ناسراون. ئه‌مه‌ش به پێی سه‌رچاوه‌كان به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بێ ئومێد بكات.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، ئه‌لزه‌یدی ئاگاداركرایه‌وه كه هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ته‌نها له وه‌زاره‌تی نه‌وتدا قه‌تیس بمێنێته‌وه، كه تا ئێستا به‌رچاوترین ده‌ستگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی پاره‌ی تێدا چڕبووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی له دۆسیه‌ی هه‌ردوو بریكاری وه‌زیری نه‌وت، عه‌دنان ئه‌لجومه‌یلی و عه‌لی مه‌عارج.
پێشتر چاوه‌ڕوانییه‌كان وابوون كه ئه‌لزه‌یدی به به‌هێزتره‌وه له واشنتۆنه‌وه بگه‌ڕێته‌وه و له هه‌ڵمه‌تی دژه گه‌نده‌ڵی توندتر بێت.
به‌رپرسێكی پێشوو به ئهلمهدای وتووه كه ره‌نگه هه‌ڵمه‌ته‌كه بگاته ئاسته سیاسییه به‌رزه‌كان، ره‌نگه ته‌نانه‌ت بگاته سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی پێشووش.
به‌ڵام گه‌شتی دووه‌می بۆ ئێران، به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی ناو گروپی شیعه، وادیاره خه‌ونه‌كانی ئه‌لزه‌یدی له‌ناوبردبێت.
ئیحسان ئه‌لشممه‌ری، مامۆستای سیاسه‌ت و ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی له زانكۆی به‌غدا ده‌ڵێت، هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی "دوای سه‌ردانه‌كانی بۆ واشنتۆن و تاران به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خاوبووه‌وه". پێده‌چێت هۆكاره‌كانی خاوبوونه‌وه‌كه زیاتر ناوخۆیی بن نه‌ك ده‌ره‌كی.
ئه‌و مامۆستایه باس له‌وه ده‌كات كه "ئه‌م سنوورداركردنه ناوخۆییانه په‌یوه‌ستن به ئیراده سیاسییه‌كانه‌وه كه گه‌یشتوونه‌ته هه‌ستكردن به‌و مه‌ترسییه‌ی كه هه‌ڵمه‌تی دژه گه‌نده‌ڵی زه‌یدی بێ گومان سه‌ركرده باڵاكان ده‌كاته ئامانج، ئه‌مه‌ش ده‌توانێت ببێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كان و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز- شتێك كه سه‌ركرده ته‌قلیدییه‌كان رێگه‌ی پێناده‌ن".
ئه‌لشممه‌ری بۆ ئه‌لمه‌دا ده‌شڵێت: "هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خاوبووه‌ته‌وه"، دوای ئه‌وه‌ی به بۆچوونی ئه‌و، سنووردار بوو به دۆسیه‌ی عه‌دنان جومه‌یلی، جێگری وه‌زیری نه‌وت.
جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه كه "ناتوانرێت گه‌نده‌ڵی له ئه‌لجومه‌یلی-دا كورت بكرێته‌وه"، به له‌به‌رچاوگرتنی چه‌ندین ساڵه‌ی تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی به‌ربڵاو له دژی حكومه‌ته‌كانی پێشوو.
ئه‌لشممه‌ری پێی وایه به‌رده‌وامی تهركیزخستنهسهر ئه‌لجومه‌یلی، به دابڕان له حاڵه‌ته‌كانی دیكه، "ئاماژه‌یه بۆ خاوبوونه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه"، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئه‌مریكا ره‌نگه هانده‌ری هه‌وڵه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بێت، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌توانێت ئه‌و لایه‌نانه بكاته ئامانج كه یارمه‌تی ئێران ده‌ده‌ن بۆ ده‌ربازبوون له سزاكان یان ته‌نانه‌ت به‌ده‌ستهێنانی دۆلار.
شرۆڤه‌كاران پێیانوایه ئه‌م هه‌ڵمه‌ته بۆته به‌شێك له شه‌ڕێكی به‌رفراوانتر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران، به‌تایبه‌تی به له‌به‌رچاوگرتنی تێكه‌ڵبوونی پاره و تۆڕه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ قه‌واره‌كانی په‌یوه‌ست به سوپای پاسداران.
به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ندێك له ناو "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" حكومه‌ت تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی له هه‌ڵمه‌تی دژه گه‌نده‌ڵیدا كوتله‌یه‌كی سیاسی دیاریكراوی كردووه‌ته ئامانج له كاتێكدا كه‌یسه‌كانی دیكه كه زۆر مه‌ترسیدارترن، پشتگوێ ده‌خات.
پێده‌چێت ئه‌م نیگه‌رانیانه له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی "چوارچێوه"دا باس كرابن، كه داوای كرد هه‌ڵمه‌ته‌كه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بگرێته‌وه كه له گه‌نده‌ڵییه‌وه تێوه‌گلاون، به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی سه‌ر به چ لایه‌نێكن، بۆ دڵنیابوون له سه‌لامه‌تی هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
"چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" دووپاتی كرده‌وه كه هیچ به‌رپرسێك ناپارێزێت كه تاوانبار بێت، به‌ڵام پێده‌چوو ئه‌م په‌یامه به تایبه‌تی په‌یوه‌ست بێت به مشتومڕه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی كه یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی شیعه‌یه.
عامر ئه‌لفایز، سه‌ركرده‌ی ناو "چوارچێوه"، دوای ئه‌وه‌ی به هه‌ڵاتوو و تاكی داواكراو وه‌سفی كردن، له لێدوانه مشتومڕاوییه‌كانی ده‌رباره‌ی ئه‌سه‌دی و حوسێن مونس پاشگه‌ز بووه‌وه.
ئه‌م پاشه‌كشه‌یه دوای په‌یامێكی ده‌نگیی ئه‌لئه‌سه‌دی هات كه تێیدا رایگه‌یاندبوو كه هیچ فه‌رمانێكی ده‌ستگیركردن له دژی ده‌رنه‌چووه و بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه.
له 28ی حوزه‌یران، ئه‌لزه‌یدی عێراقییه‌كانی تووشی سه‌رسوڕمان كرد به جێگیركردنی تانكه‌كان له‌ناو ناوچه‌ی سه‌وز له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی دژه گه‌نده‌ڵی بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی تێوه‌گلاون كه هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندییان به سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه هه‌یه.
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنێك كه هه‌ر له‌و مانگه‌دا له نێوان ئه‌لزه‌یدی و تۆم باراك، نوێنه‌ری دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له عێراق، بڕیاربوو ئه‌لزه‌یدی ده‌ستپێشخه‌ری رێوشوێنه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران بكات له رێگه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیاكان و بڕینی سه‌رچاوه‌ی داراییان، له به‌رامبه‌ر وه‌به‌رهێنانی ئه‌مریكا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌ستی پێكرد، له تاران رێگه‌ی خۆی نه‌دۆزییه‌وه، كه ده‌رگای كێشه هه‌ستیاره‌كان داخراوه و پێده‌چێت سه‌رۆك وه‌زیرانیش ئامانجه‌كانی به‌ده‌ست نه‌هێنێت.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه باشه‌كانی له‌گه‌ڵ تره‌مپ تاران به گومانه‌وه سه‌یری ئه‌لزه‌یدی كردووه و پێشتریش ره‌خنه‌ی له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ واشنتۆن گرتبوو.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران، رێگری له ئه‌لزه‌یدی كراوه تاووتوێی چه‌كی قورسی میلیشیاكان و راگرتنی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان بكات.
هاوكات به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، كه‌سانی داواكراو ته‌نیا چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له باره‌گای حكوومه‌ت له تارانه‌وه دووربوون.
له ناوخۆدا، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی"، به‌پێی دزه‌پێكراوه‌كان، ڕه‌تیده‌كاته‌وه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گرووپانه ببنه‌وه، كه پێده‌چێت بێ خه‌می ئه‌و گرووپانه بێت كه له 30ی ئه‌یلولدا دیاریكراوه بۆ راده‌ستكردنی چه‌كه‌كانیان له به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان.
به‌ڵام گروپه چه‌كداره‌كان ئه‌م واده‌یه به "ته‌ڵه" ده‌زانن. له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی به‌رواره‌كه، پێده‌چێت ئه‌لزه‌یدی ڕووبه‌ڕووی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدارتر بێته‌وه له تاقیكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
ئه‌گه‌ر گرووپه‌كان پابه‌ندی داواكارییه‌كانی حكومه‌ت نه‌بن، ئه‌وا سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت بڕیار بدات: ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه یان پاشه‌كشه بكات؟
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پێشوو ده‌ڵێت: "له هه‌ر حاڵه‌تێكدا، تێچووه‌كه زۆر ده‌بێت".
دوای 30ی ئه‌یلول كێ یه‌كه‌مجار ده‌كه‌وێت: حكومه‌ت یان چه‌كه‌كان؟ ده‌شڵێت: "ره‌نگه تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه بۆ ئه‌لزه‌یدی دوای ئه‌م واده‌یه بێت، له كۆتایی ئه‌مساڵدا. هه‌ندێك باس له ئه‌گه‌ری رووخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌ن یان ناچار بكرێت ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه".
هاوكات راپۆرتی هه‌واڵگری و پێشبینییه‌كان هۆشداری له مه‌ترسی تیرۆركردنی ده‌ده‌ن، له نێویاندا لێدوانی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانی شیعه سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری كردنه‌ئامانجی ئه‌لزه‌یدی، ئه‌مه‌ش نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به بوونی كردووه.
ئیحسان ئه‌لشه‌مه‌ری، كه هاوكات سه‌رۆكی ناوه‌ندی بیری سیاسییه، ده‌ڵێت: "له كۆتاییدا ئێران به نیگه‌رانییه‌وه چاودێری هه‌نگاوه‌كانی ئه‌لزه‌یدی ده‌كات، چ سه‌باره‌ت به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی یان ته‌نانه‌ت داماڵینی چه‌ك. هه‌رچه‌نده ئه‌لزه‌یدی خۆی پابه‌ندكردووه به واده‌ی 30ی ئه‌یلول، به‌ڵام هێشتا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه. نزیكه‌ی 60 ڕۆژمان ماوه، و هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه كه گرووپه‌كان چه‌ك راده‌ست ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ رێككه‌وتنێك له نێوان حكومه‌ت یان هه‌ر لایه‌نێكی تردا”.
ده‌شڵێت: بۆیه پێده‌چێت ئه‌م هه‌نگاوه له 30ی ئه‌یلولدا تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بێت، نه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌لزه‌یدی، به‌ڵكو هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كه له‌و به‌رواره‌دا تاقیده‌كرێته‌وه.
AM:11:32:27/07/2026
ئه‌م بابه‌ته 380
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت