دۆسیەی گەندەڵییەکەی وەزارەتی نەوت؛ دەست بەسەر 27 ملیار دیناری تری عەدنان جومەیلیدا گیرا
وێستگەنیوز-
دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمووزی 2026، سەرکەوتنی نوێی لە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە گەورەترین تۆڕی گەندەڵی وەزارەتی نەوت راگەیاند.
دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرای کرد، کە لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تۆمەتباری راگیراو (عەدنان جومەیلی)، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، توانراوە دەست بەسەر 27 ملیار دیناری عێراقیدا بگیرێت.
دادوەر زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگاکە روونی کردەوە، ئەم بڕە پارەیە لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو داهاتە نایاساییانە دۆزراوەتەوە کە لە پڕۆژە خەمڵێنراوەکانی تۆمەتبار و هاوکارانی بەدەستهاتوون. ئاماژەی بەوەش کرد کە پارەکە لای چەند کەسێک شاردرابووەوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ئەو کەسانەی لە حەشارگەی ئەم پارانەدا تێوەگلاون.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی چییە؟ عەدنان جومەیلی، کە پێشتر بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و بریکاری وەزارەتی نەوت بووە، لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیر کرا. ئەم دۆسیەیە بە یەکێک لە گەورەترین کەیسەکانی گەندەڵی لە مێژووی نوێی عێراق دادەنرێت.
پێشتر هێزە ئەمنییەکان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایانگەیاندبوو کە دەستیان بەسەر زیاتر لە 100 ملیار دیناری کاش، دەیان ملیۆن دۆلار، بڕێکی زۆر زێڕ و چەندین موڵک و خانوی گرانبەهای جومەیلیدا گرتووە.
دانپێدانانەکانی ئەم بەرپرسە راگیراوە بووەتە سەرەداو بۆ ئاشکراکردنی تۆڕێکی فراوانی گەندەڵی کە دەیان بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتاری تێوەگلاوە، و حکومەتی عێراقیش جەخت لە بەردەوامی هەڵمەتەکە دەکاتەوە بۆ گێڕانەوەی هەموو ئەو پارانەی لە گەنجینەی دەوڵەت دزراون.
AM:11:19:26/07/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت