عێراق لەرێگەی سوریاوە نەوت هەناردەی دەریای سپی دەکات
وێستگەنیوز-
ئێوارەی شەممە 25ی تەمووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی 12هەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی گشتی وڵات و بەرنامەی کاری حکومەت کرا و کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە لە بوارە جیاوازەکاندا دەرچوون.
ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی یادی چلەی ئیمام حوسێن و بۆ ئاسانکاری لە گەڕانەوەی زیارەتکاران، بڕیاریدا رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، رێککەوتی 3 و 4ی ئابی 2026، لە سەرانسەری عێراقدا بکرێتە پشووی فەرمی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دەنگدرا لەسەر کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی نێوان عێراق و تورکیا تایبەت بە پرسی ئاو، بڕیارە لە 1ی ئەیلولی 2026، میکانیزمی دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکانی پەیوەست بەم ریککەوتنە دەستپێبکات.
بۆ زیادکردنی رێگاکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، رەزامەندی درا کە کۆمپانیای نەوتی بەسرە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی وزەی سوریا واژۆ بکات، ئامانجی ئەم هەنگاوە دامەزراندنی هێڵێکی بۆرییە بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە بازاڕە جیهانییەکان لە رێگەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە.
هەروەها وەزیری نەوت راسپێردرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانی کۆمپانیاکانی (CONOCPHILLIPS, TI CAPITAL, NOVATER) بە مەبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی غازی عەکاز لە رۆژئاوای عێراق.
حکومەت بڕیاریدا وەزارەتی نەوت پڕۆژەی (قەیارەی یەکگرتوو) بخاتە کێبڕکێوە، ئەوەش بەپێی رێکارەکانی ساڵی 2025، هاوکات راسپاردەکانی پەیوەست بە خزمەتگوزارییەکانی کێڵگەی (رۆژئاوای قورنە-2) و هەڵکەندنی بیرێکی نوێ لە (قەرەتەپە-1) پەسەندکران.
لە کەرتی کارەباشدا، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجکردنی تێچووی هێڵێکی کارەبای ژێرزەوی بە درێژایی 3.6 کیلۆمەتر بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە، هەروەها گرێبەستی دابینکردنی 350 مێگاوات کارەبا تاوەکو 30ی ئەیلولی 2026 درێژکرایەوە.
لە پێناو پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر رێکخستنەوەی دەرماڵەی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی وڵات بە سیستەمی (سکۆلەرشیپ و زەمالە) دەخوێنن، بڕیاردرا بڕی دەرماڵەکان بەپێی وڵاتی خوێندن و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاری بکرێت و کرێی خوێندنیشیان بۆ رێکبخرێتەوە.
AM:08:52:26/07/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت