بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هێڵی نەوت؛ سەرۆکوەزیرانی لوبنان دەگاتە بەغدا


وێستگەنیوز-

بۆ یەکلاکردنەوەی پڕۆژەی ستراتیژیی هێڵی نەوتی نێوان هەردوو وڵات، سبەی یەکشەممە نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.


بڕیارە سبەی یەكشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، نەواف سەلام سەرۆكوەزیرانی لوبنان بە سەردانێكی فەرمی بگاتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆببێتەوە.

زانیارییەكان باس لەوە دەکەن سەردانەكەی نەواف سەلام تەنها ڕەهەندێكی ئەمنی نییە، بەڵكو هەوڵێكی جددییە بۆ بوژانەوەی ئابووریی لوبنان لە ڕێگەی وزەوە.

شاندێكی باڵای وەزاری یاوەری سەرۆكوەزیرانی لوبنان دەكەن، كە پێكهاتوون لە ''یاسین جابر، وەزیری دارایی''، ''جۆ ئەلسەدی، وەزیری وزە'' و ''لیوا حەسەن شەقیر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی نیشتمانی''.

ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت عێراق و سوریا یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان بۆ كارپێكردنەوەی هێڵی نەوتی كەركووك-بانیاس واژۆ كردووە، كە ئەم هەنگاوە پشتیوانیی ئەمریكاشی لەپشتە، لوبنان هەوڵ دەدات هێڵی "تەرابلوس" بەو تۆڕە ستراتیژییەوە ببەستێتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەشرەف ڕیفی، ئەندامی پەرلەمانی لوبنان ڕایگەیاند: حكومەتی عێراق پابەندە بە نۆژەنكردنەوەی هێڵی تەرابلوس كە دەبەسترێتەوە بە هێڵی ئەنبوبەكانی عێراق-سوریا.



AM:12:04:26/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت