زه‌یدی گۆڕانكاری له پۆسته باڵا ئه‌منییه‌كانی عێراقدا ئه‌نجام ده‌دات
زه‌ید ئهلحوشی به‌رپرسی ده‌زگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر
وێستگه‌نیوز -
عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌رده‌وامه له دووباره داڕشتنه‌وه‌ی پێگه سه‌ربازییه‌كان كه پێده‌چێت هه‌وڵێك بێت بۆ كۆنترۆڵی بڕیاره ئه‌منییه‌كان له وڵات‌دا. ئه‌مه‌ش هاوكات له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی پلانێك بۆ "كۆنترۆڵكردنی چه‌ك" و به‌رده‌وامی ناكۆكی سیاسی له‌سه‌ر كاندیدانی پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگری.
زۆرێك له چاودێران و شرۆڤه‌كارانی ئه‌منی كاراكردنه‌وه‌ی "نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان"، دوای راگرتنی بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ، به دیارترین هه‌نگاو ده‌زانن كه زه‌یدی له دووباره داڕشتنه‌وه‌ی پێكهاته و سه‌ركردایه‌تی وه‌زاره‌ته جیاوازه‌كان و ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان ناویه‌تی.
سێشه‌ممه‌ی رابردوو، زه‌یدی فه‌رمانی كاراكردنه‌وه‌ی "نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی" ده‌ركرد و بهرێوهبردنهكهی به فه‌ریق روكنی یه‌كه‌م عه‌بدولئه‌میر ئه‌لشممه‌ری وه‌زیری پێشووی ناوخۆی سپارد.
زه‌یدی پێشتر فه‌رمانێكی دیكه‌ی ده‌ركردبوو كه فه‌ریق روكن جه‌بار نه‌عیمه‌ی وه‌ك سكرتێری نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان ده‌ستنیشان كردبوو.
پێشتر نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان هه‌ڵوه‌شێنرابووه‌وه و كاره‌كانی راگیرابوو، ئه‌وه‌ش دوای پێشێلكارییه جددیه‌كان كه بووه‌هۆی داگیركردنی ناوچه به‌رفراوانه‌كانی باكوور و رۆژئاوای عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه و ئه‌وانه‌ی له‌و كاته‌دا به‌رپرسی نووسینگه‌كه بوون به كه‌مته‌رخه‌می له به‌ڕێوه‌بردنی دۆسێ ئه‌منییه‌كان تۆمه‌تبار كران.
سه‌رچاوه سه‌ربازییه‌كان به رۆژنامه‌ی (شه‌رق ئهلهوسهت)یان راگه‌یاند كه نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی به ده‌سه‌ڵاتێكی به‌رفراوانه‌وه زیاتر له ده‌سه‌ڵاته‌كانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان كار ده‌كات، به له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندییه نزیكه‌كانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گشتی.
سه‌رچاوه‌كانی دیكه ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه كاراكردنه‌وه‌ی نووسینكه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان، په‌یوه‌ندی هه‌یه به خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگری به به‌تاڵی بۆ چه‌ند مانگی داهاتوو، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی دروستبوونی بۆشایی له فه‌رمانده‌ییدا كه له ئێستادا پێویستی به چاودێری وردی بابه‌ته ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان هه‌یه.
جگه له‌وه‌ش، كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌م فه‌رمانگه‌یه ئامانجی دڵنیابوونه له به‌رده‌وامیی فه‌رمان و رێنماییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگا ئه‌منییه جۆراوجۆره‌كان، و دانانی میكانیزمی فه‌رمانده‌یی و هه‌ماهه‌نگییه له نێوانیاندا.
پلانی "كۆنتڕۆڵكردنی چه‌ك"
سه‌رچاوه‌كان به‌دووری نازانن كۆنترۆڵكردنی ئه‌و چه‌كانه‌ی كه له‌لای گروپه چه‌كداره‌كانه، پاڵنه‌ری پشت بڕیاری دووباره داڕشتنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان بێت.
سه‌رچاوه سه‌ربازییه‌كان باس له "ده‌سه‌ڵاتی گه‌شه‌سه‌ندوو"ی ئه‌م گرووپه چه‌كدارانه له ناو ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش رێگری له پرۆسه‌ی داماڵینی چه‌ك ده‌كات و ئاستهنكی بۆ دروست ده‌كات، به له‌به‌رچاوگرتنی "بوونی په‌یوه‌ندی خزمه‌تگوزاری له نێوان هه‌ندێك له فه‌رمانده ئه‌منییه‌كان و فه‌رمانده‌كانی گرووپه چه‌كداره‌كان".
سه‌رچاوه‌كان پێشبینی ده‌كه‌ن له چه‌ند رۆژی داهاتوودا عه‌لی زه‌یدی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان گۆڕانكاری زیاتر له پۆسته باڵاكانی جێبه‌جێكردن له وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا بكات. سه‌رچاوه‌كان پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه كه هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌نێو ئه‌و دامه‌زراوانه‌دان كه گۆڕانكارییه‌كان ده‌یانگرێته‌وه.
له چوارچێوه‌ی دووباره داڕشتنه‌وه و دامه‌زراندنی نوێ له‌ناو دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان رۆژی چوارشه‌ممه فه‌رمانێكی ده‌ركرد و تیایدا فه‌ریق زه‌ید ئهلحوشی وه‌ك به‌رپرسی ده‌زگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌ستنیشانكرد، له شوێنی فه‌ریق كه‌ریم ئه‌لته‌میمی.
ده‌زگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، یه‌كێكه له داموده‌زگا سه‌ربازییه پڕچه‌ك و پرۆفیشناڵهكانی بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر. سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی داعشی كردووه و له‌ڕووی دابینكردنی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی سه‌ربازییه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه گرنگییه‌كی تایبه‌تی پێده‌درێ. هه‌روه‌ك ئه‌و ده‌زگایه‌یه كه دوو هه‌فته پێش ئێستا زه‌یدی له ئۆپه‌راسیۆنی به‌ره‌به‌یان پشتی پێ به‌ست، كه له ئه‌نجامدا كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار و به‌رپرس كه گومانی گه‌نده‌ڵییان لێده‌كرا، ده‌ستگیركران.
ئهلحوشی پێشتر پۆستی باڵای ئه‌منی هه‌بووه، له‌وانه به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری سه‌ربازی له ساڵی 2022 و به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی له ساڵی 2024.
هه‌روه‌ها فه‌رمانی دا بۆ ئه‌وه‌ی فه‌ریق روكن محه‌مه‌د قاسم ئه‌لفه‌هد وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و عه‌مید روكن جه‌عفه‌ر عه‌بدولئه‌میر حسێن وه‌ك فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی هێزه تایبه‌ته‌كان ده‌ستبه‌كار بێت.
AM:10:35:23/07/2026
ئه‌م بابه‌ته 344
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت