دوای واژۆکردنی 48 ڕێککەوتن لە واشنتۆن؛ شارەزایەکی ئابووری هۆشداری دەداتە حکومەتەکەی عەلی زەیدی


وێستگەنیوز- محەمەد فاتیح

شارەزایەکی ئابووریی عێراق تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕێککەوتنانەی لە سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆ کراون و ڕایگەیاند، سەرکەوتنی ئەم سەردانە تەنها بە یەک مەرج دەبێت.


دکتۆر عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان عێراق و ئەمریکا ئیمزا کراون نەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، هیچ بایەخێکیان نییە و وەک مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێننەوە.

مەشهەدانی جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئەم ڕێککەوتنانە نەکرێنە کردار، ئەوا سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سەردانەکانی پێشوودا نابێت و تەنها وەک گەشتێکی دیپلۆماسی دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی سوودێکی ڕاستەقینە بە ژێرخانی ئابووریی وڵات بگەیەنێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، پێشتر نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، 48 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی ئابووری لە نێوان عێراق و کۆمپانیا و کەرتە جیاوازەکانی ئەمریکا واژۆ کراون، کە بوارەکانی نەوت، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا و دارایی دەگرنەوە.





PM:08:38:21/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو