پەرلەمانتارێکی کورد: دیوانی چاودێری دارایی دۆسیەکانی گەندەڵی لە عێراق پشتگوێ دەخات


وێستگەنیوز-

ئەحلام کاکەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی دیوانی چاودێری دارایی گرت و ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی بە لاواز و نائومێدکەر وەسف کرد.


ئەحلام کاکەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ میدیا عێراقییەکان قسەی کرد و ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی ساڵانەی دیوانی چاودێری دارایی تەنها وەک نووسینێکی ئینشائی ئامادە کراوە و هیچ داتا و ژمارەیەکی وردی تێدا نییە کە گوزارشت لە قەبارەی سەرپێچییە داراییەکان و ئەو پارانە بکات کە بە هەدەر دراون.

باسی لەوەش کردووە کە تەنانەت سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانیشی ڕەخنەیان لە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی گرتووە، چونکە زانیاری و بەڵگەی پێویستی لەسەر دۆسیە داراییەکان پێ نەبووە.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە کوردە، هەرچەندە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە بوونی کێشە لە مەلەفی نەوتی هەندێک پارێزگا کردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەچووەتە ناو وردەکاریی دۆسیەکانی گەندەڵی و تەنها بە شێوەیەکی گشتی باسی لێوە کردووە، ئەمەش وای کردووە ڕاپۆرتەکە بێ سوود بێت بۆ دۆزینەوەی گەندەڵکاران.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی، دەستی بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕاپۆرتی ساڵی 2025ـی دیوانەکە کرد.

مەبەستی کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ئەو دامەزراوەیە بوو لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، بەڵام بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران نائومێدی خۆیان لە ئاستی ڕاپۆرتەکە دەربڕی و بە هەوڵێکی کەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گەورە لە وڵاتدا ناوبرد.


PM:04:57:21/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو