وەزیری دارایی: مووچەی فەرمانبەران لە کارە لەپێشینەکانی ئامادەکردنی بودجەدایە


وێستگەنیوز ـ

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە سەرووی کارە لەپێشینەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەدایە و کاردەکەن بۆ ئەوەی چیتر مووچە و شایستە داراییەکان نەکەونە ژێر کاریگەریی دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجە.


ئەمڕۆ دووشەممە، 20 تەمووزی 2026، فالح ساری وەزیری دارایی لە کاتی میوانداریکردنی لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کۆمەڵێک بڕگە کە کاریگەریی بەردەوامیان هەیە، وەک بڕیارەکانی پەیوەست بە قەرز و مۆڵەتەکان، لە کاتی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەدا بە شێوەیەکی خۆکار ڕادەگیرێن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت دروست دەکات.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم بڕگانە لە چوارچێوەی یاسای سەربەخۆدا ڕێکبخرێن بۆ ئەوەی بەردەوامیی جێبەجێکردنیان مسۆگەر بێت و چیتر پەیوەست نەبن بە کاتی پەسەندکردنی بودجەی ساڵانەوە.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی داهاتوو، فالح ساری ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بە شێوەیەک کە جێبەجێکردنی پابەندییە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت و لە سەروو هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکات، ئەمەش بەپێی توانا داراییە بەردەستەکان و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە.

ڕوونیشیکردەوە کە بودجەی نوێ بەپێی دوو ڕێبازی "بودجەی بەرنامە و ئەدا" و "بودجەی بڕگەکان" ئامادە دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی خەرجییە گشتییەکان و بەڕێوەبردنی باشتر بۆ سەرچاوە داراییەکان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی ڕایگەیاند، بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە لە مانگی 3ـی ڕابردووەوە، وا دەخوازێت بودجەی داهاتوو لەسەر بنەمای خەمڵاندنی ورد و لێکۆڵینەوەکراو ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی وڵات تووشی قەیران نەبێت.



PM:10:33:20/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو