ڕۆژنامەیەکی کوەیتی: موجتەبا خامەنەیی دیداری سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕەتکردەوە
ویستگەنیوز-
ڕۆژنامەیەکی کوەیتی زانیاریی لەسەر سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ڕێبەری نوێی ئێران بەهۆی مەترسی ئەمنییەوە ئامادە نییە چاوی بە زەیدی بکەوێت، سەرەڕای ئەوەی ناوبراو نامەیەکی گرنگی دۆناڵد ترەمپی پێیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـەی تەمووزی 2026، ڕۆژنامەی ئەلجەریدەی کوەیتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی تاران دەکات، نامەیەکی زارەکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای پێیە بۆ سەرکردایەتی ئێران کە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن وەریگرتووە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە، زەیدی پێش ئەوەی بگاتە تاران، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە و هەماهەنگی لەسەر ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ کردووە بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی.
باس لەوە کراوە لایەنی ئێرانی بە فەرمی وەفدە عێراقییەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە موجتەبا خامەنەیی ناتوانێت لەگەڵ عەلی زەیدی کۆببێتەوە.
هۆکاری ڕەتکردنەوەکەش بۆ لایەنی ئەمنی دەگەڕێتەوە؛ ڕۆژنامەکە دەڵێت، موجتەبا خامەنەیی لە دوای دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران لە چاوەکان ون بووە، ئێرانییەکان ترسیان هەیە لەوەی بەهۆی ئەم دیدارەوە شوێنی ڕێبەرە نوێیەکە ئاشکرا ببێت، بۆیە ڕێگرییان لە کۆبوونەوەکە کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق خواستی هەبووە لە ڕێگەی پەیوەندییە تایبەتەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە، ببێتە یەکەم بەرپرسی بیانی کە لەگەڵ موجتەبا خامەنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران کۆببێتەوە، بەڵام تاران بە نەخێر وەڵامی داوەتەوە.
PM:11:15:19/07/2026
ئهم بابهته 868
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت