لە هێزی سەربازییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابووری و وزە؛ ئەمریکا شێوازی مانەوەی لە عێراق دەگۆڕێت


وێستگەنیوز-

بەپێی شیکارییەکی "خانەی هزریی کوردستان"، سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و واژۆکردنی 48 رێککەوتننامە، ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە تێیدا شێوازی پەیوەندییەکان لە هەژموونی ئەمنییەوە بەرەو هاوبەشیی ئابووری و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە دەگۆڕێت.


بەپێی پێشبینی و داتاکانی شیکارییەکە، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا 30ی ئەیلوولی 2026، دەرفەتی بۆ واشنتۆن رەخساندووە کە لە جیاتی لۆجستی سەربازی، کەرەستە و وەبەرهێنانی ئابووری وەک "هێزی نەرم" بۆ مانەوەی خۆی لە عێراقدا بەکاربهێنێت، ئەمەش وەک ستراتیژییەکی نوێی ئیدارەی ترەمپ دەبینرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا.

هەر لە شیکارییەکەدا هاتووە، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کەمکردنەوەی پشتبەستنی بەغدایە بە وزەی ئێران، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لەرێگەی پڕۆژەی ستراتیژیی هێڵی بۆریی نەوتی "بەسرە-فیشخابوور" کە بە تورکیاوە دەبەسترێتەوە، هەروەها لقی دووەمی بەرەو "بانیاس"ی سووریا، دەرچەی نوێ بۆ نەوتی عێراق بدۆزێتەوە، ئەم هەنگاوە ئامانجەکەی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە "گەرووی هورمز" و لاوازکردنی پێگەی ئابووریی ئێرانە لە کەرتی وزەی عێراقدا.

ئەوەش دەخاتەروو، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت، هێشتا دۆسیەی چەکی گرووپەکان وەک ئاستەنگێکی گەورە ماوەتەوە، هەندێک گرووپی چەکداری "وەلائی" پێگەی خۆیان بەستووەتەوە بە عەقیدەیەکی هەرێمایەتی نەگۆڕ، ئەمەش جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکومەت بە پنتاگۆن ئەستەم دەکات بەبێ رێککەوتن لەگەڵ تاران یان رووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بوونی لێکترازان لە نێوان هێزە شیعەکان و ئامادەیی زۆرینەیان بۆ رێککەوتن، دەرفەتێکی تاکتیکی دەداتە حکومەت کە گوشارەکانی زیاتر بکات.

شیکارییەکە تیشک دەخاتە سەر هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵی کە بە "ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان" ناسراوە، لەگەڵ "یاسای لێبووردنی گشتی"دا رووبەڕووی لێکدژبوون بوونەتەوە، ئازادبوونی زیاتر لە 40 هەزار تۆمەتبار لە سەرەتای 2025ەوە بەپێی یاسای لێبووردن، هاوشان لەگەڵ غیابی 14 ساڵەی حیساباتی کۆتایی پەرلەمان (2012 بۆ 2015)، گەورەترین دەرچەن بۆ گەندەڵکاران. هێزە باڵادەستەکان هێشتا رێگە نادەن هەڵمەتەکانی چاکسازی هێڵە سوورەکانی سەرکردە سیاسییە پلە یەکەکان ببەزێنێت.

ئەوەش روون دەکاتەوە، پشتیوانیی واشنتۆن پێگەی سەرۆک وەزیرانی لە ناوخۆدا قایمتر کردووە و شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی پێ بەخشیوە، بەڵام هێشتا زووە باس لە سەرکەوتنی رەها بکرێت، چونکە لە ساڵی 2024دا حکومەتی پێشوو 18 یاداشتنامەی هاوشێوەی واژۆ کرد بەبێ ئەوەی زۆربەیان جێبەجێ بکرێن.

لە کۆتایی شیکارییەکەدا هاتووە، کە چارەنووسی عێراق بە تەواوی بەستراوەتەوە بە دەرەنجامی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، تا ئەو ململانێیە بە شەڕ یان بە دانوستان یەکلا نەبێتەوە، رەوشی عێراق لە ناوچەیەکی "خۆڵەمێشی" و ناسەقامگیردا دەمێنێتەوە.


AM:11:05:19/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو