وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
وێستگەنیوز-
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکایان بۆ سەر ناوخۆی ئێران تاوتوێ کرد.
بەپێی زانیارییەکان، لەو پەیوەندییەدا هەردوولا باسیان لە پێشێلکردنی بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران کردووە، عەراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق مێژوویی و ستراتیژین و نابێت رێگە بدرێت لێدوانە کەسی و نارەسمییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دروست بکەن.
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە، کە نزیکەی هەفتەیەکە ئەمریکا شەپۆلێکی هێرشی بۆ سەر چەندین شوێن لە ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە، لە بەرامبەریشدا تاران بە هێرشکردنە سەر ئەو بنکانەی دەڵێت هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، وەڵامی داوەتەوە.
گرژییەکان دوای ئەوە سەریان هەڵدایەوە کە لە 8ی تەممووزی ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ کۆتاییهاتنی ئەو رێککەوتنە کاتییەی راگەیاند کە لە 18ی حوزەیرانی 2026دا واژۆ کرابوو، ترەمپ هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی 3 کەشتی لە گەرووی هورمز گەڕاندەوە.
لە ئێستادا واشنتۆن جەخت لەسەر ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەکاتەوە، بەڵام تاران دەیەوێت میکانیزمێکی تایبەت بۆ رێکخستنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا بسەپێنێت، ئەمەش مەترسییەکانی پەککەوتنی هەناردەی وزەی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتی دراوسێ، رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی راوێژ و هەماهەنگییەکانیان، بە مەبەستی رێگریکردن لە زیاتر پەرەسەندنی گرژییەکان و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.
AM:09:18:19/07/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت