عێراق یاداشتنامەیەکی نوێی لەگەڵ دوو کۆمپانیای بەریتانی و ئەمریکی بۆ نەوتی کەرکووک واژۆ کرد



وێستگەنیوز ـ

وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی نیازپاکی لەگەڵ دوو کۆمپانیای بەریتانی و ئەمریکی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بواری گەڕانی نەوت لە کەرکووک راگەیاند.


ئەمڕۆ شەممە 18ی تەمووزی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، یاداشتنامەیەکی نیازپاکی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای BPـی بەریتانی و کۆنۆکۆ فلیپسی ئەمریکی واژۆ کردووە، بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی کەرتی نەوت لە پارێزگای کەرکووک.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، واژۆکردنی یاداشتنامەکە بە ئامادەبوونی باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق بوو، ئامانجی سەرەکیی یاداشتەکەش دەستپێکردنی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی زانیارییە لە نێوان هەردوو کۆمپانیا جیهانییەکە و کۆمپانیای نەوتی باکوور، بۆ دۆزینەوەی دەرفەتە ئەگەرییەکانی گەڕان و پشکنین لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتدایە بۆ فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە باوەڕپێکراوەکان، بە مەبەستی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای هاوچەرخ بۆ گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و زۆرترین سوودوەرگرتن لە سامانە هایدرۆکاربۆنییەکانی وڵات.




PM:07:19:18/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو