سەرۆک کۆماری عێراق: رێگە نادەین وڵات ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی حیساباتی هەرێمی


وێستگەنیوز-

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی نیشاندا و رایگەیاند، زیان گەیاندن بە ئاسایشی هاوڵاتییان و بە ئامانجگرتنی خاکی وڵات بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە.


ئەمڕۆ شەممە 18ی تەموزی 2026، نزار ئامێدی لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هەر مەبەستێک، تێپەڕاندنی سەروەریی دەوڵەتە و مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک دروست دەکات.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە، عێراق رەتیدەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانی ململانێیەکان یان ئەو شوێنەی کە وڵاتانی تر کێشە و حیساباتە هەرێمییەکانی خۆیانی تێدا یەکلا بکەنەوە.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ئامێدی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق خوازیاری پەیوەندییەکی توندوتۆڵە لەگەڵ وڵاتانی تر لەسەر بنەمای رێزی بەرامبەر و دراوسێیەتیی باش، بە جۆرێک کە سەقامگیری ناوچەکە و سەروەریی وڵاتان بپارێزرێت و گەلانی ناوچەکە لە هەموو جۆرە گرژی و ئاڵۆزییەک بەدوور بن.


PM:05:02:18/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت