وەزارەتی نەوتی عێراق دەنگۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت رەتدەکاتەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمووزی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەردەوامی پرۆسەکانی بارکردن و هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە بەندەرەکانی باشوور دووپات کردەوە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە راگرتنی پرۆسەکە دەکەن.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەواڵانەی لە هەندێک پەیج و کەناڵی تەلەفزیۆنییەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە راگرتنی بارکردنی نەوتی عێراق بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا، دوورن لە راستییەوە و کارەکان بە ئاسایی بەڕێوە دەچن، هاوکات کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) رایگەیاندووە، هێشتا لە لێکۆڵینەوەدان لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک بەسەر یەکێک لە کەشتییەکاندا و لە کاتی تەواوبوونی رێکارەکان، ئەنجامەکان رادەگەیەنن.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق روونکردنەوەی دا و رایگەیاند، ئەو درۆنەی کەوتووەتە خوارەوە لە دەرەوەی سنووری بەندەرەکانی عێراق بووە و رووداوەکە لە ناو شۆستەکان یان دامەزراوەکانی سەر بەوان رووی نەداوە، جەختیشی کردەوە کە کارکردن لە بەندەرەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.
لەکاتێکدا لایەنە فەرمییەکانی عێراق جەخت لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت دەکەنەوە، ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری 4 سەرچاوەی نەوتی و ئەمنیی عێراقەوە بڵاویکردەوە، کە پرۆسەی بارکردنی نەوتی خاو لە سەرجەم بەندەرەکان بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، هۆکاری راگرتنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە درۆنێک خۆی بە کەشتییەکی نەوتهەڵگردا لە بەندەری بەسرە کێشاوە، بەڵام ئاماژە بەوەش دراوە کە رووداوەکە هیچ زیانێکی ماددی گەورە یان ئاگرکەوتنەوەی لێنەکەوتووەتەوە.
PM:02:58:16/07/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت