عەلی زەیدی: حکومەتەکەم بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌ و هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا خستوەتە پێشەنگی کارەکانی.


وێستگەنیوز-



به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى نوسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق ئێوارەی دوێنێ، لەشوێنی حه‌وانه‌وه‌ى خۆی لەواشنتۆن، پێشوازیی له‌سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکاو وه‌فدێكى هاوڕێی کرد.




لەو دیدارەدا زه‌یدیى جەختیکردەوە، "عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی جیاوازدایەو تێیدا هەوڵدەدات دەوڵەتێکی بەهێز، خاوەن سەروەری، بێ گەندەڵی‌و خاوەن ئابورییەکی بەهێزو بەردەوام بونیادبنێت".



ڕونیشی کردۆتەوە ، کە حکومەت لەڕێگەی کۆمەڵێک ڕێکاری گرنگەوە، دۆسیەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا خستوەتە پێشەنگی کارەکانی.



هەروەها ڕونکردنەوەیدا کە "عێراقییەکان لەساڵی داهاتودا ئەنجامی ئەم ڕێکارانە دەبینن کە تێیدا چەندین دۆسیە باشتربونیان بەخۆوە دەبینێت، لەپێشەنگیاندا وزەو وەبەرهێنان، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی سەقامگیریی".

وتوشیەتی‌، "حکومەت بەردەوامە لەجێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازیی‌و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گشتگیر بۆ کەرتی بانک‌و کەرتی دڵنیایی، لەگەڵ چاکسازیی باج‌و گومرگ، بەشێوەیەک کە هاوکاربێت لەبونیادنانی ئابورییەکی کاراترو بەردەوامتر".



لای خۆیەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ سیاسەتی حکومەتی عێراق دەربڕی، بەتایبەت بۆ ئاراستەو هەوڵە جدییەکانی لەگواستنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لەبونی سەربازییەوە بۆ وەبەرهێنان، گەشەپێدانی ئابوریی‌و پێشخستنی کەرتی کارو هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی گەشەی ئابوریی ڕاستەقینە، لەڕێگەی سودوەرگرتنی تەواو لەو سەرچاوەو توانایە ئابورییانەی کە عێراق هەیەتی.



بێسێنت ئامادەیی ئەمریکای نیشاندا بۆ یارمەتیدان‌و توانادارکردنی عێراق لەپێناو جێبەجێکردنی پلان‌و بەرنامە ئابورییەکانی، لابردنی ئەو بەربەستانەی کە دێنە بەردەم گەشەپێدان‌و کارکردن بۆ دۆزینەوەی خشتەیەکی کاتیی بەمەبەستی پشتگیریکردنی ئابوریی عێراق‌و بەهێزکردنی ڕێڕەوەکانی چاکسازیی ئابوریی‌و دارایی.


AM:10:22:15/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت