بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ 375 کیلۆگرام زێڕ بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕێنرایەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمووزی 2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆری زێڕی بۆ گەنجینەی دەوڵەت راگەیاند، کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵیی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستی بەسەردا گیرابوو.
دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی روونی کردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی دادوەر فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بڕی 358 کیلۆگرام زێڕ لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن گەڕێنراوەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکاندا و لە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی جیاوازدا، دەست بەسەر 17 کیلۆگرام زێڕی دیکەدا گیراوە، بەوەش کۆی گشتی ئەو زێڕەی لە یەک رۆژدا گەڕێنراوەتەوە گەیشتووەتە 375 کیلۆگرام.
دادوەر زیا جەعفەر رایگەیاند، تەواوی زێڕە گەڕێنراوەکە رادەستی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دەرچوواندن و گەنجینە لە بانکی ناوەندیی عێراق کراوە، ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکانە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی و گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو داراییە گوازراوە و نەگوازراوانەی کە لە ڕێگەی تاوان و گەندەڵییەوە پەیدا کراون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە رێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرجەم تێوەگلاوانی ئەم دۆسیەیە بەردەوام دەبن تاوەکو سزادانی ئەنجامدەرانی بەپێی یاسا بەرکارەکانی وڵات.
AM:09:41:13/07/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت