عەلی زەیدی بۆ عەراقچی: ئایا قبوڵتانە دەستوەردان لە کاروباری ئەمنی و ناوخۆی ئێراندا بکەین؟


وێستگەنیوز-

پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران رووبەڕووی گرژییەکی بێ پێشینە دەبنەوە، دوای ئەوەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوو دیداری جیاوازدا، هەڵوێستێکی توند و یەکلاکەرەوەی بەرانبەر هەژموونی گرووپە چەکدارەکان و دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا نیشانداوە.


بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "الحرە" ، عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەی 28ی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە شێوازێکی راستەوخۆ رەخنەی لە سیاسەتەکانی تاران گرتووە، زەیدی لە عەراقچی پرسیوە: "ئایا ئێوە قبوڵتانە من دەستوەردان لە کاروباری ئەمنی ئێران بکەم و گرووپی چەکدار لە ناوخۆی وڵاتەکەتان دروست بکەم؟"، کاتێک وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردووەتەوە کارێکی وا قبوڵ بکەن، زەیدی وەڵامی داوەتەوە: "کەواتە بۆچی رێگە بە خۆتان دەدەن گرووپە چەکدارەکان لەسەر حسابی دەوڵەتی عێراق بەهێز بکەن؟".

ئەم گرژییانە تەنها لەگەڵ وەزیری دەرەوەدا نەبووە، بەڵکو لە دیدارێکی نهێنیدا لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس لە بەغدا، زەیدی بە دەنگێکی بەرز جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئێران پشتگیری دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق بکات نەک گرووپە چەکدارەکان، زەیدی لەو دیدارەدا بە راشکاوی وتوویەتی: "وەک چۆن پێویستمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەماوە، بە هەمان شێوە قۆناغی بوونی راوێژکارانی سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە عێراق بەسەرچووە و پێویستە رۆڵیان کۆتایی بێت".

ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا لە کاتێکدایە، کە حکومەتی بەغدا هەوڵێکی چڕ دەدات بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، هاوکات، فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغدا زیاد بووە تاوەکو سنوورێک بۆ هەژموونی ئەو گرووپە چەکدارانە دابنێت کە لایەنگری تارانن.

هەرچەندە هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان وەک (عەسائیب ئەهلولحەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی) هەندێک ئاماژەی ئەرێنییان بۆ رێکخستنی چەکەکانیان نیشانداوە، بەڵام هەندێکی دیکەیان وەک (کەتیبەکانی حزبوڵا) هێشتا رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان رادەست بکەن، وتەبێژی حکومەتی عێراقیش جەخت دەکاتەوە کە ئەو بارودۆخانەی پێشتر ببوونە هۆی هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت، ئێستا نەماون و دەبێت هەمووان پابەندی یاسا بن.


PM:03:31:09/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو