حەکیم و مالیکی بێدەنگی دەشکێنن؛ رەخنەی توند لە حکومەتەکەی سودانی و شێوازی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەگرن


وێستگەنیوز-

لە نوێترین پێشهاتی سیاسیی عێراقدا، هەردوو سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، عەمار حەکیم و نوری مالیکی، لێدوانی توندیان لەسەر دۆخی گەندەڵی و شێوازی کارکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتباراندا دا، ئەمەش لە کاتێکدایە شەپۆلێکی رەخنەی توند بەرامبەر هەڵوێستەکانیان لە شەقامی عێراقی دروست بووە.


عەمار حەکیم: سیاسییەکان تیرۆریست نین

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەکارهێنانی هێزی سەربازیی قورس و زرێپۆش لە کاتی دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران و سیاسییە تۆمەتبارەکان بە گەندەڵی دەربڕی، حەکیم ئاماژەی بەوە کرد، "تیرۆریستێک کە پشتێنی بۆمبڕێژکراوی پێیە پێویستی بە هێزی شەڕکەر هەیە، بەڵام سیاسییەک دەکرێت بە تەلەفۆنێک یان بە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی بانگهێشتی دادگا بکرێت".

ئەم لێدوانەی حەکیم کاردانەوەی توندی لە لایەن رەخنەگران و چالاکوانان لێکەوتووەتەوە، رەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە حەکیم خۆی تۆمەتبارە بە داگیرکردنی زەوییەکانی ناوچەی "جادریە" و نیشتەجێبوون لە ماڵی بەرپرسانی رژێمی پێشوو، بۆیە بەکارهێنانی تانک بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی نیشتمان دەدزن بە پێویستییەکی یاسایی دەبینن.

نوری مالیکی: گەندەڵی گەیشتووەتە قۆناغی "فەرهود"

لەلایەکی دیکەوە، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وێنەیەکی رەشبینانەی بۆ دۆخی گەندەڵی لە سایەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانیدا کێشا، مالیکی رایگەیاند کە ئاستی گەندەڵی لەم قۆناغەدا تەنها گەندەڵی ئاسایی نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی "فەرهود" و تاڵانکردنی سامانی گشتی، کە بە وتەی ئەو لە مێژووی عێراقدا بێ وێنەیە.

مالیکی وێڕای ستایشی هەڵمەتی بەرەبەیان (صولة الفجر) کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستیپێکرد، بەڵام جەختی کردەوە کە واقیعەکە پێچەوانەی بەڵێنەکانە و گەندەڵی لە کەرتی کارەبا و بەندەرەکان و زۆر شوێنی تر تەقیوەتەوە، مالیکی بەرگری لە هاوپەیمانییەکەی خۆی کرد و وتی: "هیچ کەیسێکی گەندەڵی لەسەر دەوڵەتی یاسا تۆمار نەکراوە".

ئەم لێدوانانەی مالیکی وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی درز و کێشە لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەبینرێت، بەتایبەت کە ئەو وەک یەکێک لە پشتگیرانی سەرەکیی حکومەتەکەی عەلی زەیدی دادەنرێت، بەڵام ئێستا باس لە "شکست" و "گەندەڵی بێ وێنە" دەکات لەم کابینەیەدا.

پرسی گەندەڵی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ "دزە پلە باڵاکان"، ئێستا بووەتە سەنتەری ململانێی لایەنە شیعەکان، کە تێیدا هەندێک داوای رێکاری مەدەنییانە دەکەن و هەندێکی دیکەش پێیان وایە ئەوانەی زیان بە نیشتمان دەگەیەنن هیچیان کەمتر نییە لە تیرۆریستان.


AM:11:56:07/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت