پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەت دەکات لێکۆڵینەوە لە حەوت دۆسیەی گەورەی گەندەڵی بکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەموزی 2026، پەرلەمانی عێراقدا رایگەیاند، "گەندەڵی بۆ چەندین ساڵە وەک ئافاتێک جەستەی دەوڵەتی لاواز کردووە و بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم سیستمی سیاسی، بە جۆرێک لە رابردوودا دروشم و پلانەکانی دژەگەندەڵی تەنها وەک پەردەیەک بۆ دزینی زیاتری ماڵی گشتی بەکارهاتوون بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی راستەقینەیان هەبێت".
ئاماژە بەوەکراوە، "بڕیاری مێژوویی پەرلەمان لە رۆژی یەکشەممە 28ی حوزەیران، بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک لە ئەندامانی، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە دەرفەتی بە دەسەڵاتی دادوەری داوە پرۆسەیەکی بوێرانە بۆ راوەدونانی گەندەڵکاران دەستپێبکات".
بۆ ئەم مەبەستەش، پەرلەمان حکومەت پابەند دەکات، کە بە خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو، گرنگترین دۆسیەکان بورووژێنێت، لەوانەش: دۆسیەی گەندەڵی باج (بەتایبەت دزینی سەدەی)، کەرتی وزە و گرێبەستە تریلیۆنییەکانی کارەبا، فەوزای مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان، تێچووی زیادەکراوی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە، کەرتی تەندروستی و هاوردەی دەرمان، گرێبەستەکانی کەرتی گواستنەوە و هێڵی ئاسن، لەگەڵ گرێبەستە وەهمییەکانی پڕچەککردن لە وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ.
پەرلەمانی عێراق جەختی کردووەتەوە، لە رێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانییەوە، تەواوی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیدان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دژەگەندەڵی دەکات.
هەروەها بڕیاردراوە لیژنەیەکی تایبەت بۆ چاودێری و بەدواداچوونی رێکارەکان پێکبهێنرێت، بە ئامانجی زامنکردنی گێڕانەوەی پارە دزراوەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەت و بەکارهێنانی تەواوی دەسەڵاتە یاسایی و چاودێرییەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە ئێستا و داهاتوودا.
PM:10:15:02/07/2026
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت